ئەردۆغان: لە رووی سامانی ئاوەوە وڵاتێکی دەوڵەمەند نین

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

K24 – هەولێر:

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی بڕێکی ئاوی سنوورداریان هەیە بەڵام ناچارن ئەو بڕە لەگەڵ عێراق و سووریا بەش بکەن. گوتیشی: هەوڵدەدەین لەکاتی بەشکردنی ئاو بنەماکانی دادپەروەری و مافەکان لەبەرچاوبگرین.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای کردنەوەی سێ بەنداوی نوێ رایگەیاند، ئێمە لە رووی سامانی ئاوەوە وڵاتێکی دەوڵەمەند نین، هەر تاکێک ساڵانە 1.3 مەتر سێجا ئاوی بەبەردەکەوێت بۆیە وڵاتەکەمان لەنێو لیستی ئەو وڵاتانەیە کە لە رووی ئاوەوە نیگەرانییان هەیە.

ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای ئەوەی بڕێکی ئاوی سنوورداریان هەیە، بەڵام ناچارن ئەو بڕە لەگەڵ سووریا و عێراق بەشبکەن. ناوبراو گوتیشی: هەوڵدەدەین لەکاتی بەشکردنی ئاو بنەماکانی دادپەروەری و هاوسەنگی لەبەرچاوبگرین.

سەرۆککۆماری تورکیا، گوتی: هەموو لایەک ئەوە دەزانن وڵاتەکەمان لە بەشکردنی ئاودا چەند فیداکار و دادپەروەر و بەرپرسیارانە مامەڵە دەکات.

ئەردۆغان، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، ساڵانە 574 ملیم ئاو لە وڵاتەکەیان دەبارێت و ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە خوار تێکڕای رێژەی بارانباریندایە، بەڵام هەستیارانە مامەڵە دەکەن.

سەرۆککۆماری تورکیا، دەڵێت: "لێرەوە دەمەوێت ئاماژە بەو راستییەش بکەم، تورکیا یەک دڵۆپ ئاوی بۆ بەفیرۆدان نییە و پیسکردنی سەرچاوەکانی ئاو لە وڵاتەکەیان یەکسانە بە خیانەت".