یەکێتی ئەوروپا دەرمانێك بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجەی ناوپۆشی منداڵدان پەسەند دەکات

K24 – هەولێر:

کۆمپانیای گلاسکۆ سمیس کلاینی (GSK) بەریتانی بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان رایگەیاند، کە مۆڵەتی ئەوروپایان بەدەستهێناوە بۆ فرۆشتنی دەرمانێک کە بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجەی ناوپۆشی منداڵدان بەکاردێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (11ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمپانیای گلاسکۆ سمیس کلاینی بەریتانی (GSK) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، کۆمیسیۆنی ئەوروپا رەزامەندی دەربڕیوە بۆ فرۆشتنی دەرمانێک کە بە (Jemperli) ناسراوە، بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی ئافرەتانی تووشبووی شێرپەنجەی ناوپۆشی منداڵدان، هاوکات دەرمانەکە لەگەڵ چارەسەری کیمیایی دەدرێت بە نەخۆشەکە.

هەروەها ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای توێژینەوەیەک دراوە، کە دەرمانەکە کاریگەری ئەرێنی هەبووە لەسەر نەخۆشەکە و نەیهێشتووە شێرپەنجەکە تەشەنە بکات، واتە بە مانەوەی شێرپەنجەکە نەخۆشەکە دۆخی تەندروستی خراپتر نابێت.

دەسەڵاتدارانی تەندروستی لە وڵاتانی دیکە، لەوانەش ئەمەریکا، پێشتر رەزامەندییان دەربڕیبوو لەسەر فرۆشتنی (Jemperli) لە کۆتایی هاویندا.

شێرپەنجەی ناوپۆشی منداڵدان بەزۆری دوای وەستانی سوڕی مانگانە تووشی ئافرەتان دەبێت، سەرەتاش لە چینی ئەو خانانەدا دەردەکەوێت کە ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان پێکدەهێنن.

هەروەها شێرپەنجەی ناوپۆشی منداڵدان بە یەکێک لە جۆرە باوەکانی شێرپەنجە دادەنرێت، لە فەرەنسا ساڵانە ژمارەی تووشبووان دەگاتە نزیکەی دە هەزار کەس،  هەرچەندە هیوای چارەسەرکردن بە بەراورد لەگەڵ شێرپەنجەکانی تری ئافرەتان وەک ملی منداڵدان و هێلکەدان تاڕادەیەک باشترە، بەڵام تا ئێستاش وەک هۆکاری مردنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک دەمێنێتەوە.