بانکی ناوەندیی عێراق: گواستنەوەی پارەیەکی زۆر بۆ دەرەوەی عێراق رەت دەکاتەوە

بانکی ناوەندیی عێراقی
بانکی ناوەندیی عێراقی

K24-هەولێر:

بانکی ناوەندیی عێراق رەتیدەکاتەوە بڕە پارەیەکی زۆری عێراقی رەوانەی دەرەوە و وڵاتانی دەوروبەر کردبێت، دەشڵێت: عێراق بە پێی پێویستی ئابووری و لە چوارچێوەی یاسایی، پارە چاپ دەکات.

بانکی ناوەندیی عێراق نیازی خۆی نیشانداوە لە دەرکردنی چاپی نوێی دراوی عێراقی بەپێی پێویستی وەزارەتی دارایی و یاسای بودجەی گشتی.

بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرای دەکات، تاکە دامەزراوەیە دەتوانێ وردبینی لە چوار لایەن بکات، لەوانەش دیوانی چاودێریی دارایی و کۆمپانیای وردبینی نێودەوڵەتی، لەگەڵ لیژنەی وردبینانی دەرەوە و فەرمانگەی وردبینی ناوخۆ.

بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەو تۆمەتانەی دەخرێنە پاڵ بانکەکە بەبێ هیچ بەڵگەیەک، گومانی ئەوە دروستدەکا ئامانج لێی زیان گەیاندن بێ بە ئابووری عێراق، بانکەکە دووپاتیکردەوە مافی تەواویان هەیە رێگەی یاسایی بگرنە بەر بەرامبەر ئەوانەی ئەو تۆمەتانە بڵاو دەکەنەوە.

پێشتر، رۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاوی کردەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا 14 بانکی عێراقی سزا دا، بەر لەوەش 4 بانکی دیکەی سزادابوو بەتۆمەتی سپیکردنەوەی پارە.

رۆژنامە ئەمریکیەکە بڵاوی کردۆتەوە، سزادانی ئەو بانکانە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی گشتی هات لە ئەنجامی بە قاچاغ بردنی دۆلاری ئەمریکی بۆ ئێران.

کارزان حەیدەر