له‌ به‌غدا سوودانی پێشوازی له‌ وه‌زیرانی ناوخۆ و دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە وه‌زیرانی ناوخۆ و دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان کرد، لە دیداری نێوانیان جەختیان لەسەر زیادکردنی هامەهەنگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی پەیوەست بە دەروازە سنوورییەکان و یەکخستنی سیاسەتی گومرگی کردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (11ـی کانوونی یەکەمی 2023) نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی حکومەتی عێراق پێشوازی لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

لە میانەی دیدارەکەی نێوانیان بارودۆخی گشتی هەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ کران، هەروەها باس لە کۆمەڵێک دۆسیەی ئەمنی و دارایی کران، باس لە ئامادەکارییەکانیش بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی شووباتی ساڵی داهاتوو کرا.

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەسەر زیادکردنی هامەهەنگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی پەیوەست بە دەروازە سنوورییەکان، یەکخستنی سیاسەتی گومرگی کردەوە.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (10ـی کانوونی یەکەمی 2023) شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری و شاندی یاوەریان گەیشتنە شاری بەغداد.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئامانج لە سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەسەر سیاسەتی گومرگی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاسای دەروازە سنوورییەکان.

لەوبارەیەوە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، ئەم سەردانەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان جیاوازە لەگەڵ سەردانەکانی پێشووی و تایبەت نییە بە مووچە، بەڵکو تایبەتە بە جێبەجێکردنی بڕگە و خاڵەکانی پڕۆژەی یاسای بودجەی ساڵی 2023 .

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەدا، ساڵانێکی زۆرە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کێشەی لەسەر سیاسەتی گومرگی هەیە، بە تایبەت لەسەر رێکخستنەوەی رسووماتی گومرگی، هەردوولا دوو سیاسەتی گومگری جیاوازیان هەیە.

پەیامنێری کوردستان24، گوتی: لە کۆبوونەوەکانی رابردووی هەردوو شاندی حکومەتی هەرێم و دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق تا رادەیەک لێکتێگەیشتن لەنێوانیان هاتووەتەوە ئاراوە، بەڵام رێککەوتنی کۆتایی لەسەر ئەو بابەتە نەکراوە، سبەی هەردوولا کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی یاسای دەروازە سنوورییەکان هەمواربکرێتەوە و رێککەوتنی کۆتایی لەسەر بکرێت.