توێژینه‌وه‌یه‌ك: شیرینییه‌كان ده‌بنه‌ هۆی ره‌قبوون و گیرانی ده‌ماره‌كان

K24 - هەولێر:

پزیشكان ئاشكرای ده‌كه‌ن هه‌موو چه‌ورییه‌ك نابێته‌ هۆی گیرانی بۆری و ده‌ماره‌كانی خوێن، به‌ڵكوو یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كان زێده‌ڕۆییكردنه‌ له‌ به‌كارهێنانی كاربۆهایدراته‌كان.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ئانا كۆرنیڤیچ، پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی دڵ ئاشكرای كردووه‌، چه‌وری به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هۆكاری سه‌ره‌كی نییه‌ بۆ گیرانی بۆری و ده‌ماره‌كانی خوێن، به‌ڵكوو یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كان زێده‌ڕۆییكردنه‌ له‌ به‌كارهێنانی شه‌كر‌ و ئاردی سپی و برنج و شیرنه‌مه‌نییه‌كان.

ئانا كۆرنیڤیچ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشاوه‌ ره‌قبوونی ده‌ماره‌كان په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ به‌كارهێنان و خواردنی چه‌ورییه‌كانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكوو په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ به‌كارهێنانی كاربۆهایدراته‌كانه‌وه‌یه‌، به‌تایبه‌تی سه‌رجه‌م شیرینییه‌كان كه‌ زیانیان بۆ ته‌واوی جه‌سته‌ هه‌یه‌ و ده‌بنه‌ هۆی زیادبوونی كێش و ره‌قبوونی ده‌ماره‌كان و گیرانی‌ بۆرییه‌كان.

توێژینه‌وه‌یه‌ك ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، ئاڵووده‌بوون به‌ به‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ی شیرنه‌مه‌نییه‌كان ته‌نانه‌ت كاریگه‌ری له‌سه‌ر رووخساری مرۆڤ هه‌یه‌، به‌هۆی ده‌ردانی گلۆكۆزی كۆلاجین له‌ ئه‌نجامی زیادبه‌كارهێنانی شیرنه‌مه‌نییه‌كانه‌وه‌ چرچولۆچ له‌ پێستی رووخساردا ده‌رده‌كه‌وێت و خاڵخاڵی ره‌ش به‌تایبه‌تی له‌ ده‌سته‌كان به‌دیار ده‌كه‌وێت.

هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی توێژینه‌وه‌كه‌ كه‌می جووڵه‌ و جگه‌ره‌كێشان و مه‌یخواردنه‌وه‌، مه‌ترسی زیاتر ده‌خنه‌ سه‌ر گیرانی بۆریی و ده‌ماره‌كانی خوێن.