وەزارەتی دارایی: گرێبەستەکانی وەرگرتنی 700 ملیار دینارەکەمان واژۆکردووە

باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گرێبەستی وەرگرتنی 200 ملیار دیناری لەبانکی رەشید واژۆکرد.

رۆژی دووشەممە (11ـی کانوونی یەکەمی 2023) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری لە شاری بەغدا گرێبەستی وەرگرتنی 200 ملیار دیناری وەک قەرز لە رێگەی بانکی رەشیدەوە واژۆ کرد.

وەزارەتی دارایی لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەچەند رۆژی رابردووشدا بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا سەرجەم رێکارەکان و گرێبەستی وەرگرتنی 500 ملیار دیناری لە رێگەی بانکەکانی رافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقییەوە واژۆکردووە و چاوەڕوانین لە نزیکترین کاتدا پارەکە بگاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

رۆژی یەکشەممە (10ـی کانوونی یەکەمی 2023) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گرێبەستی وەرگرتنی 250 ملیار دیناری وەک قەرز لە رێگەی بانکی رافیدەینەوە واژۆکردووە و چاوەڕوانین لە داهاتوویەکی نزیکدا پارەکە بگاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

ئەمەش دوای ئەوە هات، هەر دوێنێ یەکشەممە وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق و لەژێر چاودێریی تەیف سامی، وەزیری دارایی، رۆژی هەینی 08-12-2023، نووسراوی تەرخانکردنی 700 ملیار دینار بەشێوەی قەرز بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان واژۆکردووە، بەو مەرجەی ئەو بڕەپارەیە دواتر لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دوای جێبەجێکردنی بە یاسای بودجە، پاکتاوبکرێت.

هەروەها رۆژی پێنجشەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2023، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە فەرمی نووسراوێکیان ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزارەتی دارایی بۆ دابینکردنی سێ مووچەی مانگەکانی کۆتایی ئەمساڵ.

هاوکات لە کۆبوونەوەی رۆژی (6ـی کانوونی یەکەمی 2023) ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد لە نزیکترین دەرفەتدا، پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند بکات و رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکات بە ئاراستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک لە خشتەکانی یاسای بودجە هاتووە دوور لە پێوەری خەرجی فیعلی و ناکۆکیی لەبارەی داهاتی نەوتی و نانەوتی.