گەشەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمەریکا سست دەبێت

بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمەریکا
بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

بەرهەمهێنەرانی نەوتی خاوی ئەمەریکا خەریکە گەشەی خەرجییە سەرمایەکانیان سست دەکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە رەنگە گەشەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمەریکا هاوتای گەشەی ئەمساڵ نەبێت، لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمەریکا لەماوەی ئەمساڵ بۆ ئاستێکی پێوانەیی نوێ بەرزبووەتەوە.

بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای ئێڤرکۆر کە کۆمپانیایەکی جیهانی سەربەخۆی راوێژکاری بانکی وەبەرهێنانە، خەرجیی سەرمایەی کۆمپانیاکانی هەڵکۆڵینی بیری نەوتی لە ساڵی 2024 تەنها بە 2% زیاد دەکات، لەکاتێکدا ئەمساڵ بە 19% بەرزبووەتەوە.

شرۆڤەکارانی کۆمپانیای ئێڤرکۆر بە سەرۆکایەتی جەیمس وێست نووسیویانە، کۆمپانیاکانی پیشەسازیی نەوت و گاز لە ساڵی داهاتوو نزیکەی 115 ملیار دۆلار لە بەرهەمهێنانی نەوت و گاز خەرج دەکەن، بە نزیکەیی هەمان ئاستی ساڵی 2019. لە ئاستی جیهانیشدا پێشبینی دەکرێت بەرهەمهێنەرانی نەوت خەرجییەکانیان بە 5% زیاد بکەن.

وێست لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، پێشبینی دەکەین لە ساڵی 2024دا گۆڕانکارییەک رووبدات، چونکە ئاراستەی خەرجییەکانی سەرمایەی جیهان زیاتر بەرەو بازاڕە نێودەوڵەتییەکانە.

کۆمپانیای ئێڤرکۆر رایگەیاندووە، ساڵی داهاتوو بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ئەمەریکا بە بڕی 150 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەبێتەوە، لە کاتێکدا ئەمساڵ بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ئەمەریکا رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل بەرزبووەتەوە، گەیشتووەتە سەرووی 13 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.