دلاوەر ئا‌ژگەیی: یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە

دلاوەر ئا‌ژگەیی، بەرپرسی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی كوردستان لە یەکێتی ئەوروپا
دلاوەر ئا‌ژگەیی، بەرپرسی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی كوردستان لە یەکێتی ئەوروپا

K24 – هەولێر:

بەرپرسی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی كوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، رایدەگەیەنێت؛ نیگەرانییەکانی هەرێمی کوردستانیان گەیاندووەتە پەرلەمانی ئەوروپا و ئەوانیش جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەنەوە. گوتیشی: سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ یەکێتی ئەوروپا زۆر گرنگە.

دلاوەر ئا‌ژگەیی، بەرپرسی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی كوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ یەکێتی ئەوروپا شوێنی گرنگ و ستراتیژین لە زۆر رووەوە، لە کۆبوونەوەی جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق رایگەیاند، "بۆ یەکێتی ئەروپا زۆر گرنگە، یاسای بودجە بە شێوازێک بێت هەم لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت و هەم لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی عێراق بێت".

بەرپرسی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی كوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، دەڵێت: سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ یەکێتی ئەوروپا زۆر زۆر گرنگە، چونکە دەبێتە دەرفەتێک بۆ کۆمپانیا ئەوروپییەکان بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی زیاتر لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکەن، دوو بانکی سەرەکی لە یەکێتی ئەوروپا هەن کە لە ئێستادا کارەکانیان لە عێراق هەڵپەساردووە، یەکیان؛ بانکی وەبەرهێنانی یەکێتی ئەروپایە، دووەمیان؛ بانکی پەرپێدان و بنیاتنانی یەکێتی ئەوروپایە، ئەو دوو بانکە بڕیارە لەو نزیکانە کارەکانیان لە عێراق دەستپێبکنەوە، بەڵام بەو مەرجە دەگەڕێنەوە دەبێت هەرێمی کوردستان و عێراق پەیوەندییەکی باش لەنێوانیاندا هەبێت.

دلاوەر ئا‌ژگەیی، گوتی: بۆرێڵ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق ئەوەی خستبووەڕوو، کە دەبێت لە یاسای نەوت و غازیش هەرێمی کوردستان و عێراق بگەنە رێککەوتن و ئەو رێککەوتنەش ببێتە رێککەوتنێکی درێژخایەن، بۆ ئەوەی کۆمپانیا ئەوروپییەکانیش بێن لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە بواری غازدا وەبەرهێنان بکەن، چونکە غاز بۆ ئەوروپا زۆر گرنگە، ئەگەر هەرێم و بەغداش رێکنەکەون لەسەر داڕشتنی ئەو یاسایە بە دڵنیاییەوە یەکێتی ئەوروپا نیگەران دەبێت.

بەرپرسی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی كوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، باسی لەوەکرد، لە هەفتەی رابردوو لەگەڵ پەرلەمانتارانی یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکی گرنگمان ئەنجامدا، هەموو نیگەرانیکانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان پێگەیاندن، کە بەغدا چی کردووە بەرامبەر بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها سەرجەم داتاکانی خۆمان پێشکەشیان کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بووە بە رێککەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و هەموو مەرجەکانی جێبەجی کردووە، بۆ ئەوەی یەکێتی ئەوروپاش ئاگاداربێت کە نییەتی هەرێمی کوردستان چی بووە لە دانووستانەکانی لەگەڵ عێراق.

دلاوەر ئا‌ژگەیی، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئەوروپا پێیان باش بوو ئەم بابەتە بە هەند وەربگرن و بە شێوەیەکی فەرمی نامەیەک ئاراستەی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بکەن، کە خۆی لە سێ خاڵ دەبینێتەوە.

بەرپرسی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی كوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، گوتیشی: یەکێتی ئەوروپا نیگەرانن لەو بڕیارانەی کە دادگای فیدراڵی کە دژی هەرێمی کوردستان دەریکردووە، باسیان لەوە کردووە کە بڕیارەکان سیاسین و یاسایی نین.

ئەمڕۆ دووشەممە (11ـی کانوونی یەکەمی 2023) سێ ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا بە ناوەکانی ئەندرێس شنایدەر، نیکۆلاس ویڵمسن و فرانسوا ئەلفۆنسی بە نوسراوێکی فەرمی و وەک پشتگیرییەک لە هەرێمی کوردستان پرسیاری پەرلەمانی ئاراستەی بەرپرسانی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی ئەوروپا دەکەن و بەدواداچوون بۆ پرسی یاسای بودجە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن.

ئەو ئەندامانەی پەرلەمانی ئەوروپا دوو پرسیاریان سەبارەت بە سیاسیکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق و هۆکارەکانی پشت بڕیارەکانی دادگاکە دەکەن.

لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەیاندا هاتووە، هەرچەندە بڕگەکانی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەرەتای ئەمساڵ لە یاسای بودجەی (2023 - 2025) جێگیرکراون و لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندکراوە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان پشکی خۆی لە بودجەی عێراق وەرنەگرتووە.