کەلوپەلی کشتوکاڵی بەسەر جووتیارانی شەمامک دابەش دەکرێت

K24- هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی "WHH"ی ئەڵمانی، قۆناغی دووەمی دابەشکردنی کەلوپەلی کشتوکاڵی بەسەر جووتیارانی شەمامک دەستیپێکردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی کانوونی یەکەمی 2023، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی گوت: "بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی "WHH"ی ئەڵمانی، قۆناغی دووەمی دابەشکردنی کەلوپەلی کشتوکاڵی بەسەر جووتیارانی شەمامک دەستیپێکردووە، کە بریتییە لە عەرەبانە، قازمە، خاکەناز، بۆکسی فریاگوزاری تەندروستی، پەینی کیمیایی و تۆی تەماتە، بیبەر، باینجان، خیار و لەگەڵ پێداویستی ئامێری ئاودانی بە دڵۆپاندن بۆ 39 جووتیاری سنوورەکە".

کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ماوەی دەستبەکاربوونی، بایەخێکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ داوە، وەک بەشێک لە پێشخستنی ئابووری و لەپێناو پاراستن و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆ، پشتگیری جووتیارانی هەرێمی كوردستانی کردووە، لەو چوارچێوەیەشدا لەم دوو ساڵەی دواییدا بەشێک لە بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەناردەی وڵاتان کرد.

ئا: لاڤین عومەر