حکومەتی ئیسرائیل بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی شەڕ بەشێکی موڵکەکانی دەفرۆشێت

ژمارەیەک زرێپۆشی سوپای ئیسرائیل لەسەر سنووری غەززە (وێنە: AP)
ژمارەیەک زرێپۆشی سوپای ئیسرائیل لەسەر سنووری غەززە (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی شەڕ لە دژی حەماس، حکومەتی ئیسرائیل بەشێک لەسەنەد و موڵکەکانی دەفرۆشێت.

وەزارەتی دارایی ئیسرائیل بە فەرمی ژمارەیەک موڵک و سەنەدی بە بەهای 4.4 ملیار شکیڵ کە دەکاتە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بۆ فرۆشتن داناوە، ئەوەش لەپێناو دابینکردنی خەرجییەکانی سوپا و کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجە.

وەزارەتی دارایی ئیسرائیل باسی لەوەشکردووە، بانکە نێوخۆیی و بیانییەکانیش دەتوانن داواکاری بۆ کڕینی موڵک و سەنەدەکان پێشکەش بکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە، لەگەڵ کۆتایهاتنی ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت رێژەی کورتهێنان لە بودجەی ئیسرائیل زیاتر لە سەدا چوار بێت.

رۆژی 07ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل. لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران و هەزارانی دیکەش برینداربوون. هەر لەو رۆژەدا،  240 هاووڵاتیی کە لە ئیسرائیل بوون، وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، زیاتر لە 16 هەزار هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش بریندارن.