گۆڕان دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی رێکخەری گشتی دەکاتەوە

لۆگۆی بزووتنەوەى گۆڕان
لۆگۆی بزووتنەوەى گۆڕان

K24 - هەولێر

بزووتنەوەی گۆڕان دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەکە دەکاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 12-12-2023، ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "لەژێر ڕۆشنایی بڕیاری دوایین کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی، کە لە رۆژی چوارشەممە، 15-11-2023، سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دراوە، بە گوێرەی ڕێکارە دەستورییەکان؛ ڕایدەگەیەنین وەکو یەکەم هەنگاوی دەستپێکی پرۆسەکە، ئەمڕۆ سێشەممە،دەرگای خۆپاڵاوتن دەکرێتەوە". 

ئەندامانی خانەی راپەراندنی گۆڕان لە رێکخەری گشتی، سکرتێری کاروباری جڤاتی نیشتمانی، سکرتێری کاروباری خەڵک، سکرتێری کاروباری ژوورەکان، سکرتێری کاروباری شارەکان، سکرتێری کاروباری فراکسیۆنەکان، سەرۆکی جڤاتی نیشتمانی و رێکخەری گشتی پێکدێت.

بەپێی دەستووری نێوخۆیی گۆڕان؛ ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دوو ساڵ جارێک هەڵدەبژێردرێن و دەتوانن بۆ سێ خولی هەڵبژاردن خۆیان کاندید بکەن. بەپێی ئەو دەستوورە، خانەی راپەڕاندن، بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە نێو دوو کۆبوونەوەدا.

 ئەمە لە کاتێکدایە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021، رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیانلەکارکێشایەوە. دواتر خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لە نزیکترین کاتدا دەستەی نوێی بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە هەڵدەبژێردرێت.