کریستیانەکانی عێراق ئاهەنگەکانی سەری ساڵ و لەدایکبوونی مەسیح هەڵدەوەشێننەوە

K24 - هەولێر

پاتریارکی کلدان بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ و یادی لەدایک بوونی مەسیحی ئەمساڵ، ئەمەش لەبەر رێزگرتن لە قوربانیانی ئاگرکەوتنەوەی ئاهەنگەکەی ناحیەی حەمدانییە و قوربانیانی قودس و فەڵەستین.

سەرکردەکانی کڵێساکانی عێراق بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، ترسیان هەیە عێراق بەردەوام بێت لە نەگرتنەبەری رێوشوێنی جددی بۆ پاراستنی مافی مەسیحییەکان، ئەمەش دوای کۆبوونەوەکەیان لە هەولێر.

سەرکردەکانی کڵێساکان دەڵێن، مەسیحییەکان کەمینە نین لە زێدی خۆیان، پێکهاتەیەکی هاوردەکراویش نین، رەگ و ریشەیان لە قووڵایی عێراقدایە، و بوونیان نەوەستاوە، مەسیحییەکان پێش سەرهەڵدانی ئیسلام و دوای سەرهەڵدانی ئیسلام، رەگ و ریشەیان لە مێژووی عێراق و میزۆپۆتامیادا هەبووە، ئەوان بەشێکی جەوهەری ئەم میراتە کولتووری و کۆمەڵایەتی و نەتەوەییە پێکدەهێنن.

ئەوان لە درێژەی بەیاننامەکەدا ئاماژەیان بەوەکرد، مەسیحییەکان بە سروشت و باوەڕی خۆیان، ئاشتیخوازن، مەیلیان بۆ توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە نییە، بەڵکو زیاتر بۆ خۆشەویستی و میهرەبانییە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش تووشی فشار و هێرش و هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکیان بوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە ئەوانەی کە توانایان هەیە کۆچ بکەن، بۆ ئەوەی ژیانی خۆیان و داهاتووی منداڵەکانیان بپارێزن.

هەروەها سەرکردەکان نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە پەراوێزخستنی مافەکانی مەسیحییەکانی عێراق لەلایەن وڵاتەوە دەربڕی و دەڵێن: "تەنها شتێک کە ئێستا ترسمان هەیە ئەوەیە کە وڵات بەردەوام بێت لە نەگرتنەبەری رێوشوێنی جددی بۆ پاراستنی مافی مەسیحییەکان و دابینکردنی دادپەروەری بۆیان و گەڕاندنەوەی ئەوانەی موڵک و ماڵیان دەستی بەسەرداگیراوە، بەڵام کەس وەڵامی داواکارییەکەمان ناداتەوە".

بۆیە سەرکردەکانی کڵێساکان بڕیاریاندا، لەبەر رێزگرتن لە قوربانیانی ئاگرکەوتنەوەی ئاهەنگەکەی حەمدانییە و ئەوانەی گیریان خواردووە لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و غەززە، ئاهەنگەکانی سەری ساڵ "کریسمس" هەڵبوەشێننەوە.

ئەمە سێیەم جارە کە مەسیحییەکانی عێراق لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا ئاهەنگەکانی رۆژی سەری ساڵ و رۆژی لەدایکبوونی مەسیح هەڵدەوەشێننەوە، وەک ئەوەی پێشتر پاتریارکی کلدان لە عێراق و جیهان لە ساڵی 2019 رایانگەیاندبوو، ئاهەنگەکانی یادی لەدایکبوونی مەسیحیان لە عێراق هەڵوەشاندەوە، لەبەر رێزگرتن لە رۆحی شەهیدانی ئەو خۆپیشاندەر و هێزە ئەمنییانەی کە لە گۆڕەپانەکانی ناڕەزایەتیدا گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها لە ساڵی 2014 ئاهەنگی کریسمس وەک هاوسۆزی لەگەڵ خێزانە ئاوارەی مەسیحییەکان و کەسوکاری شەهیدانی هێزە ئەمنییەکان لە سوپا و پێشمەرگە هەڵوەشایەوە، بەهۆی رووداوەکانی موسڵ لەو کاتەدا.