لە مەخموور شەڕی کاندیدەکان بۆ کورسیەکانی دوو پارێزگایە

K24 – هەولێر

بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکووک لە سنووری قەزای مەخموور کاندیدیان هەیە، بەرپرسی لقی پارتی لەو سنوورە رایدەگەیەنێت، بە ئەگەری زۆرەوە کاندیدەکانی ئەوان لەو سنوورە سەردەکەون.

سەنگەر کانەبی بەرپرسی لقی 23ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ کوردستان24 رایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆک بارزانی، هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی گشتی بە هێمنی و ئارامی بەڕێوەبچێت و هیچ لایەنێکی سیاسی وکاندیدێک رێگری لێنەکرێت، دەشڵێت: "هەرچەندە رکابەری هەیە لەنێوان لایەنەکان، بەڵام هەوڵدەدرێت لەم هەڵبژاردنەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامی باش بەدەست بهێنێت.

کوردستان24: بانگەشەی هەڵبژاردن لە سنووری ئێوە چۆنە؟ 

سەنگەر کانەبی: بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە سنووری لقەکەمان زۆر بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوە دەچێت، بەتایبەت هەموو ئەو شوێنانەی کە لەسنووری دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانن و پارتی دیموکراتی کوردستان تێیدا باڵا دەستە، سەرۆک بارزانی فەرمانی پێکردووین "کە دەبێت هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی گشتی بە هێمنی و ئارامی بەڕێوەبچێت و هیچ لایەنێکی سیاسی و کاندیدێک رێگری لێنەکرێت"، لە ئێستادا پڕۆسەکە بەشێوەیەکی ئازادی و دیموکراسی بەڕێوەدەچێت، خەڵکی سنوورەکە بەگشتی بەشدارن لە هەڵمەتەکە و لە پڕۆسەی  بانگەشەکە. 

کوردستان24: بەرنامە و پلانتان چییە بۆ ئەم هەڵبژاردنە؟ چەند کاندیدتان بۆ هەردوو پارێزگا هەیە؟

سەنگەر کانەبی: بەرنامە و پلانمان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن و بانگەشە، بەشێوەیەکی ورد هەڤاڵانی خۆمان دابەشی سەر ئۆرگانەکان و ئەو سنوورانەی کە هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام دەدرێت کردووە، گوێ لە داوا و داواکارییەکانی خەڵکی رادەگرن، بە شێوەیەکی حزبی لەناو ئۆرگانەکان و کادیران و ئەندامان و دۆستانی لایەنەگرانی خۆمان پێداچوونەوە دەکەینەوە، بۆ کارتی بایۆ مەتری و بانگەشەی هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی بەرفراوان بە تەوژمەوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ژمارەی سندوقەکان پڕبێت لە ژمارەی لیستی 197ـی پارتی دیموکراتی کوردستان.            

هەروەها بۆ سنووری پارێزگای نەینەوا حەوت کاندیدمان هەیە، کاندیدی زۆر باش و بەهێزن لە هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانی تێدایە، لە کورد و عەرەب لەگەڵ کاندیدی ئافرەت، بۆ سنووری سەرگەڕان کە دەکەوێتە پارێزگای کەرکووک لەوێش کاندیدێکمان هەیە، دڵنیاین لەوەی کاندیدەکانمان بەهێزن و سەردەکەون، دڵنیاین لەوەی لیستی197 پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوتنێکی ئێجگار گەورە تۆمار دەکات، رێژەی دەنگەکانمان ئێجگار بەرز دەبێتەوە، بە هەوڵ توانای گشت لایەک و توانای خەڵکی سنوورەکە. 

کوردستان24: رکابەرەکانتان کێن؟ لەو بڕوایەدان سەرکەوتن بەدەست بهێنن؟   

سەنگەر کانەبی: لە سنووری لقی23 هیچ کەسێک بە رکابەری خۆمان نازانین، چونکە لەنێوان کورد و عەرەبی ناوچەکە خەڵکی رەسەنی سنوورەکە، بە شێوەیەکی ئێجگار زۆر لە رابردوو و ئێستاشدا بەڵێنی خۆیان بۆ ئێمە دووپاتکردووەتەوە، کە پشتگیری لە پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدەکانی پارتی دەکەن، لەناویشیاندا، لقی23 مەخموور، بۆیە ئێمە لەو نێوەندەدا پارتی دیموکراتی کوردستان بە پێشەنگ دەبینین، لە رابردووشدا ئەوە سەلمێنراوە، لە ئایندەشدا بەروونی ئەوە دەبینین، خەڵکی دڵنیا دەکەینەوە لە دا هاتوودا سوپڕایزەکانمان دەبینن، لە هەردوو سنووری پارێزگای نەینەواو و کەرکووک.

کوردستان24: مەترسی داعش ماوە لەو سنوورە؟                            

سەنگەر کانەبی: مەترسییەکانی داعش هێشتا لە سنوورەکە بە بەردەوامی هەیە، زۆرجار لێرەو لەوێ بە شێوەی گرووپی بچووک بچووک دەبینرێن، بەتایبەت لەو شوێنانەی کە بۆشایی ئەمنی کەوتووەتە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی، لە هەرشوێنێک هێزەکانی پێشمەرگەکانی کوردستان بیان بینن، زیانێکی زۆریان پێدەگەیەنن، پێویستە لە ئایندەدا لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی باشتر بتوانین ئەو سنوورانە، بەتایبەت سنووری بۆشایی هەردوولا باشتر پارێزراو بکەین و پڕبکرێتەوە، بۆ ئەوەی لە ئایندەدا مەترسی لەسەر ناوچەکە و سنوورەکە بەجێ نەهێڵێت.            

کوردستان24: کێشە و گیروگرفتی جووتیارانی ئەو دەڤەرە چییە؟ 

سەنگەر کانەبی: کێشەو گیرو گرفتەکانی ئەو سنوورە زیاتر خۆی لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر دەبینێتەوە، خەڵکی ئەو سنوورە تووشی کێشە و گیروگرفت بووە، تا ئێستاش ئێمە باجی ئەو خیانەتە دەدەین لەو سنوورانە، بەتایبەت ئەو شوێنانەی کە هێزی پێشمەرگە تێیدا باڵا دەست نییە و نایان پارێزیت، رۆژانە گرفت بۆ خەڵکی و هاتووچۆی خەڵکی دروست دەکرێت، هەروەها بۆ جووتیار و خەڵکی دەڤەرەکە بە گشتی، بەتایبەت ئەوانەی کە کاری جووتیاری دەکەن، رێگرییان لێدەکرێت لە بەربوومیان و لە چاندنیان، هەروەها لە بردنی هەموو ئەو پێداویستییانە کە بەکاری دەهێنن بۆ کشتوکاڵ، هەتا لە سنووری سەرگەڕان رێگرییان لێدەکرێت لەسەر خاکی خۆیان، خاکەکە بکێڵن و بەرهەمی کشتوکاڵی تێدا بچێنن و بدورنەوە، لەوبارەیەوە گرفتی زۆرییان بۆ دروست دەکرێت.

کێشەو گرفتەکانی جووتیاران زۆرە، ئەویش، نەبوونی ئاو، کارەبا، پێدانی بنە تۆ، گرفتی وەرگرتنی بەرهەمەکانیان لە کۆتایی ساڵدا لەلایەن سایلۆکانی عیراقەوە گرفتییان بۆ دروست دەکرێت، ئێمە زۆر هەوڵماندا گرفتی ئاو و کارەبا ئەو پێداویستییانە چارەسەر بکرێت، ئەمساڵ جووتیارانی دەڤەرەکە تووشی گرفتی تۆماری پلانی کشتوکاڵی نەینەوا ببوون، بەڵام بە هەوڵی ئێمە و نوێنەرانمان لە بەغدا، توانیمان ئەو مژدە بەخەڵکی سنوورەکە بگەیەنین، لە ئەمساڵدا وەرگرتنی بەرهەمەکانیان و تۆمارکردنیان لە پلانی کشتوکاڵی نەینەوا دەبێت سەر بە حکومەتی عێراقی.

کوردستان24: نێوانتان چۆنە لەگەڵ عەرەبەکانی ئەو سنوورە؟                                                                      

سەنگەر کانەبی: نێوانی کورد و عەرەب لە لووتەکەدایە لەم سنوورە، بەحکومی رێبازی بارزای کە هانی داوین لەسەر مەسەلەی ئاشتی تەبایی و پێکەوەژیانی برایەتی پەرەی پێبدەین، لە رابردووشدا باو باپیرانمان لەگەڵ عەرەبی ناوچەکە بە برایەتی و ئاشتی پێکەوە ژیان، زۆرجار ئەوە رەنگی داوەتەوە بەسەر تەواوی ناوچەکە، هەر کێشەو گرفتێک هاتبێتە پێشەوە، بەهۆی پەیوەندی تۆکمەی خەڵکی سنوورەکە لەگەڵ یەکتریان هەیە، بەتایبەت لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان عەرەبەکان کە هەیە کێشەو گیروگرفتەکان بە ئاسانی چارەسەرکراون و تێپەڕیوون.

مەخموور یەکێک لە شارۆچکەکانی پارێزگای ھەولێر، لە رووی جوگرافییەوە بە دووری65کم دەکەوێتە خۆرئاوای شاری ھەولێر، شارەدێی گوێر، قەراج، دیبەگە، مەلاقەرە، گەیارە، شەرگات لەخۆ دەگرێت، لای رۆژھەڵاتی مەخموور شارەدێی سەرگەڕان، چیای بلباس(قەرەچووغ) دەکەوێتە ناوەراستی شارۆچکەکە و زورگەزراویش دەکەوێتە لای خۆرھەڵاتی باکوور.

شارۆچکەی مەخموور خاکێکی بە پیتی ھەیە لەڕووی کشتوکاڵیەوە بەتایبەت بۆ "گەنم و جۆ" کە لە سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق بە پلەی یەکەم دێت، ھەر بۆیە یەکەم و دووەم گەورەترین سایلۆ لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق لە مەخموور دروستکراوە، لە ساڵی 2014دا شارۆچکەکە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەستی بەسەردا گیرا، پاشان لەساڵی 2017دا لەلایەن سوپای عێراقەوە لە پێشمەرگە وەگیرایەوە، لە ئێستادا شارۆچکەی مەخموور کەوتووەتە نێوان سێ پارێزگاوە هەولێر، کەرکووک، نەینەوا.

ئا: لاڤین عومەر