رۆمانۆوسكی: گەنجانی داهێنەر له‌ عێراق کلیلی داهاتووی کەشوهەوای وڵاته‌كه‌یانن

ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق
ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا لە شاری دوبەی ئه‌مڕۆ كۆتاییهات. ده‌شڵێت: " گەنجانی داهێنەر له‌ عێراق کلیلی داهاتووی کەشوهەوای وڵاته‌كه‌یانن".

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 12ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023)، ئه‌لینا رۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس (تویته‌ری پێشوو) نووسیوویه‌تی: "دوای كۆتاییهاتنی لوتكه‌ی جیهانی كه‌شوهه‌وا له‌ دوبه‌ی، با پێکەوە بەرەو داهاتوویەکی سەلامەتتر و پاکتر و تەندروستتر کاربکەین".

هه‌روه‌ها نووسیوویه‌تی: "ئەو داهێنانانەی ئەمڕۆ دەیانبینین، تۆوی چارەسەرییه‌كانی کەشوهەوای داهاتوون".

رۆمانۆوسكی ئه‌وه‌شی نووسیووه‌: "گەنجانی داهێنەر له‌ عێراق، کلیلی داهاتووی کەشوهەوای وڵاته‌كه‌یانن".

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوای بەرکەوتووە.

مەترسیی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەسەر ئاییندەی ژینگەی عێراق و هەرێمی کوردستان له‌ راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان باسكراوه‌.

ئەو ڕووبارانەی بە عێراقدا تێده‌په‌ڕن، لەلایەن تورکیا، ئێران، سووریا و تەنانەت عێراقیشەوە بە خراپی وێران کراون به‌شێكیان وشكبوونه‌.

42 ملیۆن کەس لە عێراق هەست بە كاریگەرییەكانی گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن، كە وشکەساڵی و زریانی خۆڵبارین به‌هۆیانه‌وه‌ دەركەوتوون، بەگوێرەی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان عیراق لە ڕیزی پێنج وڵاتی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای بەسەرەوەیە.

رۆژی (1ـی کانوونی یەکەمی 2023) لوتکەی جیهانی کەشوهەوا لە دوبەی بە ئامادەبوونی سەرۆک، پادشا و سەرکردەکانی جیهان دەستیپێکرد، کە هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمی دەوڵەتی ئیمارات بەشداربوون، ئه‌مڕۆ كاره‌كانی لوتكه‌كه‌ كۆتاییهات.