زانایانی فەلەکناسی توانیویانە بە تەمەنترین چاڵی رەشی گەردوون بدۆزنەوە

چاڵی رەشی گەردوون
چاڵی رەشی گەردوون

K24 – هەولێر:

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، زانایانی فەلەکناسی  توانیوییانە لەڕێگەی تەلیسکۆپی "جەیمس وێب"ـــەوە، کۆنترین چاڵی رەشی گەردوون بدۆزنەوە و کە ناوی "جی ئێن زێد11"ــە، مەزەندەدەکرێت تەمەنی چاڵە رەشەکە 13 ملیار ساڵ زیاتر بێت.

لە راپۆرتێکی رۆژنامەی گاردیاندا هاتووە، زانایان لەکاتی دۆزینەوەی چاڵێكی رەشی گەردوونی تووشی سەرسوڕمان بوون، چونکە قەبارەکەی ملیۆنێک جار لە قەبارەی خۆر گەورەترە.

هەروەها چاڵە رەشەکە ناوی "جی ئێن زێد11"ــە و مەزەندەدەکرێت کە تەمەنی 13 ملیار ساڵ زیاتر بێت و زانایانی فەلەکناسی لەڕێگەی تەلیسکۆپی "جەیمس وێب"ەوە توانیویانە بیدۆزنەوە.

پرۆفیسۆر رۆبێرتۆ مایۆلینۆ، زانای فیزیای فەلەکی لە زانکۆی کامبرێج کە سەرپەرشتی گرووپی توێژینەوەکەی کردووە، رایگەیاند، قەبارەی چاڵە رەشەکە زۆر گەورەیە و سەرسامی کردوون. گووتیشی: باوەڕیان نەکردووە کە دەرئەنجامی توێژینەوەکەیان بەمجۆرە سەرسوڕهێنەر بێت.

زانایانی فەلەکناسی دەڵێن: دۆزینەوەی کۆنترین چاڵی رەشی گەردوون یارمەتییان دەدات بۆ دیاریکردنی شوێنی گەلەئەستێرەکان، بەتایبەتیش گەلەئەستێرەی زەوی کە پێی دەوترێت، رێگەی کاکێشان.

پرۆفیسۆر ئەندرۆ پۆنتزن، زانای گەردوونی لە زانکۆی لەندەن گوتی: تێگەیشتن لە سەرچاوەی دروستبوونی چاڵەڕەشەکان هاوکێشەیەکی قورس و نەزانراو بوون، بەتێپەڕبوونی کات ئەو هاوکێشەیە قورستر دەبێت، دەشڵێت، چاڵەڕەشەکان لەو رێژەیە زۆرتر دەبن کە ئێمە پێشبینیمان دەکرد.

دۆزینەوەی ئەم چاڵەڕەشە، بەشێکە لە زنجیرە دۆزینەوەکانی ناسا لە گەردوون،کە لە رێگەی تەلیسکۆپی جەیمس وێبەوە ئەنجام دەدرێن، تەلیسکۆپی جەیمس وێب، دوو ساڵە دروستکراوە و نزیکەی 100 جار لە تەلیسکۆپەکانی پێش خۆی وردتر و هەستیارترە لە کاری گەڕان بەنێو گەلەئەستێرەکانی گەردوون.