دیبەیتی کوردستان24 سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە دیالە

دیبەیتی کوردستان24 سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە دیالە
دیبەیتی کوردستان24 سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە دیالە

K24 – هەولێر:

به‌رپرسی لقی 15ـی خانه‌قینی پارتی و بەشێک لە کاندیدانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە دیالە بەشداریان لە دیبەیتێکی کوردستان24 کرد کە لالەیەن هاوژین جەمال پێشکەشکرا، لەمیانەی دیبەیتەکەدا ئامانج و پڕۆژەی خۆیان بۆ هاووڵاتییانی پارێزگای دیالە خستەڕوو، هاوکات جەختیان لە جێبەجێکردنی ماددەی 140 و چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزاری جووتیارانی کورد کردەوە.

بڕیارە لە 18ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

ئەکبەر حەیدەرخان: بە ئومێدی ئەوەین کورسییەکانمان لە پارێزگای دیالە بەدەستبهێنینەوە

ئەکبەر حەیدەرخان، به‌رپرسی لقی 15ـی خانه‌قینی پارتی رایگەیاند، ئێمە دەستمان کردووە بە بانگەشەی خۆمان بۆ ئەوەی بتوانین لیستی ژمارە 197ـی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەربژێرانمان سەربخەین.

هەروەها راشیگەیاند، 100 هه‌زار ده‌نگده‌ری كورد له‌ پارێزگای دیاله‌ هه‌یه‌ و داوا له‌ هاووڵاتییانیش دەکات به‌ جۆشوخرۆشه‌وه‌ به‌شداریی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن.

بەرپرسی لقی 15ـی خانەقین باسی لەوەشکرد، "لە پەرۆشی خۆمان پێمان باش بوو لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان بەیەک لیست بەشداریمان لە هەڵبژاردن بکردبایە، بەڵام یه‌كێتی بۆ هاوپه‌یمانێتی لەگەڵ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان ئاماده‌ نه‌بوو.

ئەکبەر حەیدەرخان ئەوەشی خستەڕوو، کە ئومێد دەکەن لە دوای هەڵبژاردن لەگەڵ لایەنە کوردییەکان بە یەک دەنگ و یەک هەڵوێستەوە بەشداربن لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە و ببنە دەنگی تەواوی کورد و داکۆکی لە مافی کورد بکەن.

بەرپرسی لقی 15ـی خانەقین، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، دوای 16ـی ئۆكتۆبه‌ر خه‌ڵكی خانه‌قین هه‌ڵوێستێكی جوانمێرانه‌یان هه‌بوو، بەهۆی هەڵوێستەکانیان، تاوەکو ئێستا ئاڵای پارتی و كوردستان له‌ خانه‌قین ده‌شه‌كێته‌وه‌ و هەر بە بەرزیش ماوەتەوە.

ئەکبەر حەیدەرخان، دەڵێت: له‌ خانه‌قین پارتی كرایه‌ ئامانج و هەموو ئەو راستییە حاشاهەڵنەگرەش دەزانن کە پارتی دیموکراتی کوردستان هه‌میشه‌ له‌ سه‌نگه‌ری به‌رگریكردن له‌ مافی هاونیشتمانیان بووه‌، هەروەها پارتی خاوەندارێتی پرسی کورد دەکات.

بەرپرسی لقی 15ـی خانەقین، ئەوەشی ئاشکرایکرد، دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رێگەپێدانی لەلایەن سوودانیەوە پیدراوە کە بارەگاکەمان لە خانەقین وەربگرینەوە، بۆیە دەڵێم بە سەربەزی و شکۆوە دەگەڕێینەوە بۆ خانەقین.

ئاریان حه‌مید: پارتی باوه‌ڕی ته‌واوی به‌ گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن هه‌یه‌

ئاریان حه‌مید،كاندیدی پارتی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دیاله‌، رایگەیاند، پارتی خاوه‌ن سه‌نگ و رۆڵی كاریگه‌ره‌ له‌ عێراقدا، هەروەها ته‌نیا پارتی باوه‌ڕی به‌ پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌كان هه‌یه‌.

ئەو كاندیدەی پارتی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دیاله‌ ئاماژەی بەوەدا، ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە بۆ حزبەکەمان لە قەزای خانەقین لە پارێزگای دیالە، لەبەر ئەوەی لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە لقی پارتی لە خانەقین نەما، ئێمەش لەدوای ئەوە بە هەماهەنگی دۆست و لایەنگرانمان خۆمان ئامادەکردووە بۆ ئەو هەڵبژاردنە و گرنگییەکی زۆرمان پێیداوە، بۆ ئەوەی ئەوە بسەلمێنین کە هیچ شتێک لە پارێزگاکانی عێراق بەبێ پارتی ناکرێت، پارتی سەنگی خۆی هەیە لە گشت ناوچەکان.

ناوبراو راشیگەیاند، هەوڵمانداوە وەک کاندیدان یەک دەست بین و هاوکاری یەکبین بۆ مەبەستی خزمەتکردنی هاووڵاتییانی خۆمان، پارتی تاکە حزبە بڕوای بە پێکەوەژیان هەیە، هەموو نەتەوەکان لەژێر چەتری پارتی بە ئارامی دەژین، تاکە حزبین دیالۆگ و دانوستان هەیە، چونکە بێ دیالۆگ و دانوستان کێشەکان چارەسەر نابن.

ئاریان حه‌مید، گوتی: خزمه‌تگوزارییه‌كانی حکومەتی عێراق بۆ قەزای خانه‌قین له‌ ئاست خواستی هاووڵاتییان نییه‌، بەڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بەپێچەوانەی ئەوان هەمیشە هاوكاری هاووڵاتییانی قەزای خانه‌قینی كردووه‌.

ئەو كاندیدەی پارتی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله لەبارەی ماددەی 140، دەڵێت: مادده‌ی 140 زامنی گه‌ڕانه‌وه‌ی مافی هاووڵاتییانه‌ و هه‌وڵده‌ده‌ین كێشه‌ی جووتیارانی كورد له‌ ناوچه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین. سەرنجی خستە سەر ئەوەش، ناسنامه‌ی خانه‌قین كوردستانییه‌.

ئه‌مجه‌د محه‌ممه‌د: ده‌مانه‌وێت ژێرخانی وه‌رزش له‌ خانه‌قین ببووژێنینه‌وه‌

ئه‌مجه‌د محه‌ممه‌د، كاندیدی پارتی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دیاله دەڵێت:‌ ئامانجمە لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بۆ گەنج و لاوان کاربکەم و دەمانەوێت ژێرخانی وەرزشی لە خانەقین ببووژێنینەوە.

ئەو کاندیدەی پارتی ئاماژەی بەوەدا، هەوڵدەدەین ئەو گەنجانەی کە زانکۆ تەواو دەکەن بتوانین دایانمەزرێنین، هەروەها هەندێک لە گەنجانمان کە زانکۆیان تەواو کردووە داوای دامەزراندن دەکەن، بەڵام داوەکانیان رەتدەکرێنەوە، بۆیە ئێمەش هەموو هەوڵێکی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی وابکەین دابمەزرێن.

ئه‌مجه‌د محه‌ممه‌د، باسی لەوەشکرد، خزمەتگوزاری لە خانەقین لە ئاستی پێویستدا نییە، هەروەها داواکارە لە تەواوی خەڵکی خانەقین لە رۆژی دەنگدان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بدەن بە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەوەی پارتی بتوانێن لە رێگەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەوە زۆرترین خزمەتی خەڵکی ئەو ناوچانە بکات.

عه‌بیر قادر: هه‌وڵده‌ده‌ین ژێرخانی ته‌ندروستی له‌ پارێزگای دیاله‌ باشتر بكه‌ین

عه‌بیر قادر، كاندیدی پارتی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دیاله‌،گوتی: ئامانجی من خزمەتکردنی خەڵکە بە تایبەت خەڵکی ناوچەکەم، چونکە خەڵکی ناوچەکە زۆر بێبەشن لە خزمەتگوزاری، هەوڵدەدەین ژێرخانی تەندروستی لە پارێزگای دیالە باشتر بکەین، چونکە ئێمە لە ئێستادا لە ناحیەی جەبارە هیچ نەخۆشخانەیەکمان نییە، ئەگەر دەنگی پێویست لەم هەڵبژاردنە بەدەستبهێنم لەسەر ئەو سێکتەرە کاردەکەم.

ئەو کاندیدەی پارتی گوتیشی: هەوڵدەدەین رۆڵی ئافرەت زیاتر لەو پارێزگایە پەرەپێبدەین و هەوڵدەدەین لە دامودەزگاکانی حکومەتیش رۆڵی زیاتریان پێبدەین.

عه‌بیر قادر، ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر پارتی زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت بە دڵنیایەوە دەتوانێت زۆرترین خزمەت بەو پارێزگایە بگەیەنێت و دەتوانێت خواستەکانی هاووڵاتییان بەدێبهێنێت.

عه‌بدولوه‌هاب ئه‌حمه‌د پاڵانی: پڕۆژه‌ی پارتی له‌ پارێزگای دیاله‌ خزمه‌ت به‌ گشت لایه‌ك ده‌كات

عه‌بدولوه‌هاب ئه‌حمه‌د پاڵانی، كاندیدی پارتی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دیاله‌، دەڵێت: ئەگەر دەربچم لەو هەڵبژاردنەدا هەوڵدەدەین یەکسانی لەنێوان پێکهاتەکان بچەسپێنین، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا بەرنامەی کاری پارتی دیموکراتی کوردستانە، هەروەها لە هەموو بوارەکاندا هەوڵدەدەین خزمەت بە گشت لایەک بکەین.

ئەو کاندیدەی پارتی ئاماژەی بەوەدا، پڕۆژەی پارتی بۆ خزمەتی گشت نەتەوەکانە بەبێ جیاوازی.

عه‌بدولوه‌هاب ئه‌حمه‌د پاڵانی، سەرنجی بۆ ئەوەش راکیشا، لەدوای ساڵی 2003 بە فەرمانی سەرۆک بارزانی نزیکەی چوار هەزار هاووڵاتیی لە جەلەولا، سەعدییە، جەبارە، قەرەتەپە و خانەقین دامەزرێندران، هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان لەو دامەزراندنە سوودمەندبوون.

ئالان ئه‌ڵوه‌ن: كارنامه‌ی پارتی رێگریكردنه‌ له‌ ته‌عریبكردنی ناوچه‌كه‌

ئالان ئه‌ڵوه‌ن، كاندیدی پارتی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دیاله‌، باس لەوەدەکات، پێیان باش بوو لەگەڵ سەرجەم لایەنە کوردییەکان یەک دەنگ بان و بیانتوانیبا بە یەک لیست بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بکەن، بۆ ئەوەی بیانتوانیبا زۆرترین کورسی ئەنجوومەنی پارێزگا بەدەستبهێنن و هێزیکی گەورەتریان دروستکرابا.

ئەو کاندیدەی پارتی دەڵێت: دەمەوێت کار لەسەر پرسە نیشتمانییەکان بکەم، یەکەم کاریشم ئەگەر بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا دەربچم تەعریبکردن لەو ناوچانە ناهێڵم، چونکە بەهۆی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە کۆمەڵێک لێکەوتەی خراپ بەسەر ئەو ناوچانە بەجێماوە.

ئاماژەی بەوەدا، لە ساڵی 1963 چەندە تەعریب کراوە لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەریش هەر هەندە تەعریبکراوە، هەروەها کاردەکەین بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 چونکە کۆی کێشەکان چارەسەر دەکات، کە دەبوو لە 31ـی 12ـی 2007 جێبەجێکرابووایە، بەڵام بەهۆی چەندین بیناووی جۆراوجۆە ئەو ماددەیە جێبەجێ نەکرا.

ئالان ئه‌ڵوه‌ن، گوتی: یەکێ لەو بەرنامانە کە دەمەوێت کاری لەسەر بکەم سێکتەری پەروەردەیە، چونکە ئەو سێکتەرە لەو پارێزگایە لەقۆناغی لەناوچووندایە.

ئەو کاندیدەی پارتی، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، كارده‌كه‌ین پێشمه‌رگه‌ بۆ خانه‌قین بگه‌ڕێته‌وه‌، لەبەر ئەوەی هەڕشە لە کوردەکانی ئێمە لەو ناوچانە دەکرێت و لە بازرگانانی کوردیش سەرانە وەردەگیرێت.

هەروەها گوتیشی: 56 گوندی خانه‌قین چۆڵكراون و هه‌زاران دۆنم زه‌وی جووتیارانی كوردیش داگیركراون.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە دیالە

نزیکەی 980 هەزار کەس لە پارێزگای دیالە مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا هەیە بۆ هەڵبژاردنی 15 ئەندامی ئەنجوومەنەکە کە چوار کورسییان کۆتای ئافرەتانە، بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردنیش 330 کاندید رکابەری بەدەستهێنانی ئەو کورسییانە دەکەن کە 50 کاندیدیان کوردن.

لەم هەڵبژاردنەشدا، حەوت هاوپەیمانی و هەشت لایەنی سیاسی و کاندیدێکی سەربەخۆ کێبڕکێی هەڵبژاردن دەکەن و لایەنە کوردستانییەکانیش بە سێ لیستی جیاواز بەشداری دەکەن، پارتی دیموکراتی کوردستان بە 16 کاندید، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 30 کاندید و پارتی سۆشیال دیموکراتی کوردستانیش لە لیستەکەیدا، چوار کاندیدی هەیە.

پارێزگای دیالە گرنگی تایبەتی هەیە لە رووی جوگرافییەوە، بەهۆی هاوسنووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەغدای پایتەخت و وڵاتی ئێران، هەروەها قەزاکانی خانەقین و مەندەلی ناحیەکانی جەلەولا، سەعدیە، مەیدان و قۆرەتوو، کە بەهۆی جێبەجێنەکردنی ماددەی 140ـەوە ئەو ناوچە کوردستانییانە لە رووی ئیدارییەوە تاوەکو ئێستا لەسەر پارێزگای دیالەن و لە شەڕی چەکدارانی داعشدا، یەکێک بوون لە زیانمەندترین ناوچەکان و بۆ ئازادکردنیان، پێشمەرگە قوربانییەکی زۆریدا.