پەرلەمانی بەریتانیا ناردنی کۆچبەرانی بۆ رواندا پەسەندکرد

پەرلەمانی بەریتانیا - وێنە: رۆیتەرز
پەرلەمانی بەریتانیا - وێنە: رۆیتەرز

K24 – هەولێر:

پەرلەمانی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ، ناردنی کۆچبەرانی وڵاتەکەی بۆ رواندا پەسەند کرد و وەزیری ناوخۆی بەریتانیاش رایگەیاند، پەرلەمان و خەڵکی بەریتانیا پشتیوانی لە پلانی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە کۆچی نایاسایی.

رۆژی سێشەممە (12ـی کانوونی یەکەمی 2023) پەرلەمانی بەریتانیا بە 313 دەنگ بەرامبەر 269 دەنگ، ناردنی کۆچبەرانی وڵاتەکەی بۆ رواندا پەسەندکرد.

لەلایەن خۆیەوە، جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، بنەماکانی گواستنەوەی خەڵک بۆ وڵاتێکی سەلامەت بۆ ئەوەی پرۆسەی داواکاری پەنابەرێتییان جێبەجێ بکرێت تەواو هاوتایە لەگەڵ بنەماکانی رێککەوتننامەی پەنابەران.

جەیمس کلێڤەرلی ئاماژەی بەوەشکرد، "بێگومان ئەم حکومەتەی ئێمە رێز لە بڕیارەکانی دادگا دەگرێت، تەنانەت کاتێک هاوڕاش نین لەگەڵیان. لەگەڵ ئەوەشدا، پەرلەمان و گەلی بەریتانیا دەیانەوێت کۆتایی بە کۆچی نایاسایی بێت و پشتیوانی لە پلانی رواندا دەکەن. ئەو پەیماننامەی هەفتەی رابردوو لەگەڵ رواندا واژوومکرد چارەنووسسازە".

هاوکات وەزیری ناوخۆی بەریتانیا باسی لەوەشکردووە، "بنەماکانی گواستنەوەی خەڵک بۆ وڵاتێکی سەلامەت بۆ ئەوەی پرۆسەی داواکاری پەنابەرێتییان جێبەجێ بکرێت تەواو هاوتایە لەگەڵ بنەماکانی رێککەوتننامەی پەنابەران، دادگای باڵا و دادگای تیاهەڵچوونەوەش ئەم خاڵە پشتڕاست دەکەنەوە".

رۆژی (6ـی کانوونی یەکەمی 2023) ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا واژۆکردنی رێککەوتنێکی یاسایی نوێی لەگەڵ رواندا راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی پلانەکەمان سەربگرێت و بتوانین بەلەمی كۆچبه‌رانی نایاسایی بوەستێنین، ئەو رێککەوتنە یاساییە لەگەڵ رواندا هاوشان لەگەڵ یاسا نوێیەکان هەموو ئەو نیگەرانییانەی ئاماژەیان پێدەدرێت چارەسەر دەکات".

رۆژی پێشتریش جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بە سەردانێک گەیشتە رواندا و رێککەوتنێکی بۆ ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی لە بەریتانیاوە بۆ رواندا واژۆکرد، تا ئەوکاتەی بەگوێرەی رێکارە یاساییەکان بڕیاری لەسەر دۆسیەکانیان دەدرێت.