یونسێف بۆ هاوکاریکردنی منداڵان داوای زیاتر لە نۆ ملیار دۆلار دەکات

K24 - هەولێر

رێکخراوی یونیسێف بانگەوازێکی کۆکردنەوەی پارەی بە بڕی 9.3 ملیار دۆلار دەستپێکرد بۆ ساڵی 2024، ئەمەش لەپێناوهاوکاریکردنی زیاتر لە 90 ملیۆن منداڵە کە بەهۆی ململانێکان و کارەساتی کەشوهەوا لە سەرانسەری جیهان زیانیان بەرکەوتووە.

کاترین راسیل، سەرۆکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "ملیۆنان منداڵ بەدەست قەیرانە مرۆییەکانەوە دەناڵێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی زیاتری سەرچاوەکانمان"، لە کاتێکدا کە هەموو کرێکارانی مرۆیی لە خەباتدان بۆ دابینکردنی بودجە بۆ پێداویستییەکان لە سەرانسەری جیهاندا.

راسیل ئاماژەی بەوەشکرد: منداڵان دەبێت بەردەوام دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بگات، جا چ لە بواری تەندروستی بێت یان ئاوی خواردنەوە و پاکوخاوێنی یان لە بواری پەروەردەدا.

بۆیە یونیسێف بۆساڵی داهاتوو، داوای 9.3 ملیار دۆلار دەکات بۆ هاوکاریکردنی لانی کەم 93.7 ملیۆن منداڵ لە 155 وڵاتی جیهاندا.

ئامانجی سەرەکی ئەم پارانەش بەبڕی نزیکەی 1.5 ملیار دۆلار، بۆ یارمەتیدانی ئەفغانستان و پەنابەرانی سووریا و سوودان و کۆماری کۆنگۆی دیموکراتییە، هەروەها هاوکاریکردنی ئۆکرانیا و پەنابەرانی ئۆکرانیاش دەگرێتەوە.

هەروەها یونسێف لە رێگەی ئەم بڕە پارەیەوە ئامانجیەتی 17.3 ملیۆن منداڵ لە دژی پەتای سورێژە بکوتێت، هەروەها چارەسەرکردنی 7.6 ملیۆن منداڵیش کە بەدەست بەدخۆراکیەوە دەناڵێنن، وە دابینکردنی پەروەردە بۆ 19.3 ملیۆن منداڵ، دابین کردنی ئاوی خواردنەوە بۆ 52.4 ملیۆن منداڵی دیکە، تەنانەت هاوکارییەکە پاڵپشتی دەروونی بۆ 26.7 ملیۆن منداڵ و هەرزەکاریش دەگرێتەوە.