میسر.. بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی سیسی زۆرینەی بەدەست هێناوە

K24 - هەولێر

بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی میسر، ئاماژە سەرەتاییەکان سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی میسر ئاشکرایان کردووە کە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆککۆماری میسر بە جیاوازییەکی زۆر لە پیش نزیکترین رکابەرەکانیەتی.

کەناڵی "ئێکسترا نیوز" بڵاوی کردووەتەوە، بەگوێرەی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان لەلایەن لیژنە گشتییەکانەوە عەبدولفەتاح سیسی پیشەنگی گرتووە، دەشڵێت: کێبڕکێیەکی جیاواز لە نێوان هەردوو کاندید فەرید زەهران و حازم عومەر هەیە بۆ پلەی دووەم.

کەناڵەکە ئاماژەی بەوشکرد، ئەمڕۆ چوارشەممە، لیژنەی گشتی لە ناوچەی ئەربەعینی سەر بە پارێزگای سوێس ئەنجامی ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانی لە پارێزگاکە راگەیاند، کە ژمارەی دەنگەکان گەیشتووەتە 129 هەزار و 343 دەنگ، هەروەها سێ هەزار و 404 دەنگی نادروستیش هەبووە.

راشیگەیاند، عەبدولفەتاح سیسی کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار 123 هەزار و 80 دەنگی بەدەستهێناوە و فەرید زەهران کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار چوار هەزار دەنگی بەدەستهێناوە.

عەبدولسیناد یامامە کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار 263 دەنگی بەدەستهێناوە و هەروەها حازم عومەر دوو هەزار دەنگی بەدەستهێناوە.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە، سندوقی دەنگدانەکان دوای سێیەم رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی میسر داخران، هەروەها رێژەیەکی زۆری دەنگدەران بەشدارییان لەو هەڵبژاردنەدا کرد، کە بە مێژوویی وەسفدەکرا.

تا دوا ساتی داخستنی سندوقەکانی دەنگدان، دەنگدەران بە رێژەیەکی زۆر دەهاتن بۆ دەنگدان،بۆیە لیژنەکان ناچار بوون دەنگدان درێژ بکەنەوە تا ئەو کاتەی ژمارەی دەنگدەران تەواو بوو.

هەر کە بنکەکانی دەنگدان دەرگاکانیان داخست، پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان دەستیپێکرد وەک ئامادەکارییەک بۆ راگەیاندنی ئەنجامەکان، هەروەها بڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەم ئەنجامی فەرمی کۆتایی رابگەیەنرێت.

بەپێی خشتەی دەسەڵاتی هەڵبژاردنە نیشتمانییەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە، پرۆسەکانی ژماردنەوەی دەنگەکان، بڕیارەکانی لیژنە گشتییەکان سەبارەت بە ناڕەزاییەکان و راگەیاندنی ئەنجامی دەنگەکان کۆتایی دێت.

رۆژی پێنجشەممە تانە لە بڕیارەکانی لیژنە گشتییەکان وەردەگیرێت، و بڕیاریان لەسەر دەدرێت لە 18ـی ئەم مانگە ئەنجامەکە رادەگەیەنرێت و لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاودەکرێتەوە.

عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی ئێستای میسر لە ساڵانی 2014 و 2018 هەڵبژێردرا، هەردوو جارەکەش سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، لەم هەڵبژاردنەشدا لەگەڵ سێ کاندیدی دیکە بۆ ئەو پۆستە کێبڕکێ دەکەن، ئەوانیش فەرید زەهران، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی میسری و عەبدولسەنەد یامامە، سەرۆکی پارتی وەفد، و حازم عومەر، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری.