کۆلێژی شاهانەی بەریتانیا رێککەوتنامەیەکی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆ دەکات

K24- هەولێر

شاندێکی باڵای وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی سامان بەرزنجی، سەردانی لەندەنی پایتەختی بەریتانیان کرد و رێککەوتنامەیەکی هاوبەشیان لەگەڵ کۆلێژی شاهانە واژۆ کرد.

ئەندامانی شاندەکەی وەزارەتی تەندروستی پێکهاتوون لە "د.ئاریانا خالص" سەرۆکی ئەنجومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕیە پزیشکیەکان، و "د.کاوە خلیل" بەڕێوەبەری گشتی کاروباری تەندروستی، و "د. سەران عبدالقادر" بەڕێوەبەری کاروباری تاقیگەیی هەرێم، و "د. فریاد حەوێزی" پزیشکی پسپۆڕ و راوێژکاری پێشەنگ و هەماهەنگ لەبواری تاقیگەیی.

شاندەکە سەردانی کۆلێژی شاهانەی بەریتانیان لە بواری نەخۆشیزانی کرد لە لەندەن، بەمەش بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، رێککەوتنامەی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆکی کۆلێژی شاهانەی بەریتانی واژۆ کرا. لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و بۆردی کوردستانی و کۆلێجی شاهانەی نەخۆشیزانی بۆ بوون بە هاوبەش و متمانەپێکراوی رۆیاڵ کۆلێج، لە بواری نەخۆشیزانی بۆ پەرەپێدانی تواناکانی ژێرخان وسەرچاوەی مرۆیی و پسپۆڕی تاقیگەییە جیاوازەکان، هەروەها بواری ئەکادیمی و راهێنان و وەرگرتن لە خوێندنی باڵای بواری پسۆڕیەکانی تاقیگەیی و نەخۆشیزانی و خولی راهێنان و چەندین کاروباری هاوبەش.

دەستکەوتی بەرەوپێشچوون و بەرزکردنەوەی ئاستی پزیشکی و تاقیگەیی و پسۆڕی بواری تاقیگەییەکانی نەخۆشیزانی و نەخۆشیەکانی خوێن و بایۆلۆجی و شانەزانی لە هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت بۆ ئاستی پەیوەندی نێودەوڵەتی.

ئەم سەردانەش دوابەدوای سەردانی پێشووی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت بۆ وڵاتی بەریتانیا، بۆ بەسەرکردنەوەی سیستەمی تەندروستی بەریتانیا و راسپاردەی سەرۆکوەزیران بۆ دروستکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی هاوبەش لەبواری پزیشکی و توێژینەوە و راهێنان و ئاڵوگۆڕی شارەزایی و سوود وەرگرتن لە سیستەمی تەندروستی بەریتانیا.