پارتی یەکگرتووی رووسیا پشتگیری له‌ ڤلادیمێر پوتن بۆ خولێكی دیكه‌ی سەرۆکایه‌تی ئه‌و وڵاته‌ دەکات

K24 - مۆسكۆ:

لە بارەگای پارتی یەکگرتووی رووسیا لە شاری مۆسکۆ، دیمتری مێدڤێدیڤ، سەرۆکی پارتی یەکگرتووی رووسیا و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا لە بەردەم ئەندام و لایەنگرانی پارتەکەی، لە گوتەیەکدا بەفەرمی پشتگیری پارتەکەی (پارتی یەکگرتووی رووسیا) بۆ  ڤلادیمێر پوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیا  دەربڕی.

پارتی یەکگرتووی رووسیا، له‌ ئێستادا لە پەرلەمان لە ریزبەندی یەکەمە و لە کۆی 450 کورسی،   324 کورسی هەیە.

رۆژی 7-12-2023 ئەنجوومەنی فێدراڵی رووسیا (سینات) لە کۆبوونەوەیەکدا رۆژی 17-3-2024  بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی رووسیا دیاریکرد.

رۆژی دواتر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی رووسیا رایگەیاند، رۆژانی 15-16-17/3/2024 پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی رووسیا  بەڕێوەدەچێت. بەم پێیە یەکەمجارە سێ رۆژ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی رووسیا تەرخان دەکرێت.

رۆژی 10-12-2023 لە کۆشکی کرێمل، ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، بۆ خولی داهاتووی سەرۆکایەتی رووسیا خۆی دەپاڵێوێت.

بەپێی راپرسییەک کە  دامەزراوەی توێژینەوە بۆ رای گشتی ئەنجامیداوە، 70%ـی دانیشتوانی رووسیا پشتگیری ڤلادیمیر پوتن دەکەن بۆ سەرۆکایەتی رووسیا، هەروەها رێژەی 15% پێیان وایە ڤلادیمێر پوتن لە پۆست و ئەرکێکی تردا خزمەت بکات نەک وەک سەرۆکی وڵات.

دوای دەربڕینی رەزامەندی لەلایەن پوتنەوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولێکی دیكه‌ی سەرۆکایەتی رووسیا، یەکەم پشتگیری لە لایەن گەورەترین پارتی رووسیا (پارتی یەکگرتووی رووسیا) وە بۆ دووپاتکرایەوە.

دیمتری مێدڤێدیڤ سەرۆکی پارتی یه‌كگرتووی رووسیا بە کەسێکی نزیک لە پوتن ئەژمار دەکرێت، لە ساڵی 2008-2012  سەرۆکی رووسیا بوو، دوای سەرکەوتنی ڤلادیمێر پوتین لە هەڵبژاردنی ساڵی 2012 .

پوتین لە رۆژی 8-5-2012 دیمتری مێدڤێدیڤی وەک سەرۆکوەزیران دەستنیشانکرد. دوای دەستبەرداربوونی پوتن لە سەرۆکایەتی پارتەکەش، رۆژی 26-5-2012 مێدڤێدیڤ بە سەرۆکی پارتی یەکگرتووی رووسیا  دەستنیشانکرا.

دوای دەست لەکارکێشانەوەی لە سەرۆکی حکومەتی رووسیا، رۆژی 16-1-2020  وەک جێگری سەرۆکی  ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا دەستنیشانکرا.

657