هەنگاریا ئامادە نییە گفتوگۆکان بۆ ئەندامییەتی ئۆکرانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەستپێبکات

یەکێتی ئەوروپا
یەکێتی ئەوروپا

K24 – هەولێر:

ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا رایگەیاند، ئێستا کاتی ئەندامییەتی ئۆکرانیا لە یەکێتی ئەوروپا نییە، چونکە لە بەرژەوەندی هەنگاریا و یەکێتییەکە نییە.

ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، رایگەیاند؛ هەڵوێستی ئێستای حکومەت ئەوەیە، ئەندامییەتی خێرای ئۆکرانیا لە یەکێتی ئەوروپا ئەنجامی چاوەڕواننەکراوی دەبێت.

ئاماژەی بەوەدا، ئەندامییەتی ئۆکرانیا لە بەرژەوەندی هەنگاریا و یەکێتی ئەوروپا نییە. سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، دەڵێت: ئۆکرانیا دەبێت هاوکاری بکرێت، بەڵام کەس نایەوێت ئێمە لەم پڕۆسەیەدا وڵاتەکەمان لەناوبەرین.ڤیکتۆر ئۆربان، گوتی: هەنگاریا لەژێر فشاردایە، بەڵام نابێت رێگری لە مانەوەی کۆدەنگی ئەوروپا بکرێت.

هاوکات ناوبراو گوتیشی: ئێمە گرنگی بە ئۆکرانیایەکی ئاشتیخواز و پێشکەوتوو دەدەین، بەڵام ئەمەش پێویستی بە دەستەبەرکردنی ئاشتی هەیە، کە ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، بەڵام ئێستا کاتی ئەوە نییە ببێتە ئەندامی یەکێتییەکە".

لەبەرامبەردا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رەخنە لە گوتاری سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا دەگرێت و دەڵێت: هیچ هۆکارێکی بۆ رێگریکردن لە ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە یەکێتی ئەوروپا نییە.

سەرۆکی ئۆکرانیا رایدەگەیێنێت، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا داوای لێکردووە تەنیا یەک هۆکاری بۆ ناڕەزایەتی و رێگریکردن لە ئەندامبوونی ئۆکرانیا بۆ یەکێتی ئەوروپا پێ بڵێت، بەڵام سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا هیچ هۆکارێکی پێ نەگوتووە.

پێشتریش ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، ئەوەی رایگەیاندبوو؛ ئەگەر ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ راستەوخۆ جەنگی سێیەمی جیهانی هەڵدەگیرسێت و سەرجەم مرۆڤایەتی دەکەوێتە مەترسییەوە.

سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا ئاماژەی بەوەشدابوو، وڵاتانی رۆژئاوا دەیانەوێت جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەردەوامبێت، هەربۆیە پێویستە حکومەت و گەلی هەنگاریا خۆیان بۆ سیناریۆی بەردەوامی شەڕی سزاکان لەنێوان مۆسکۆ و وڵاتانی رۆژئاوا ئامادە بکەن.

دوای ئەوەی ئۆکرانیا بە فەرمی خواستی خۆی بۆ بوونە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ نیشاندا، رووبەڕووی هەڕەشەکانی حکومەتی رووسیا بووە، کە دواجار لە 24ـی شوبات هەڕەشەکان بوونە کردار و لەو رۆژەدا لەشکرکێشی سوپای رووسیا بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستیپێکرد و تا ئێستاش شەڕ و پێکدادانەکان لەنێوان هێزەکانی ئەو دوو وڵاتەدا بەردەوامە.

هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا لەلایەن رووسیاوە، وایکرد هەریەک لە فینلاند و سوید داواکاری بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ پێشکەش بکەن، کە سەرەتا دوو ئەندامی ئەو هاوپەیمانێتیە، هەنگاریا و تورکیا رازی نەبوون لەسەر ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە، بەڵام دواتر رەزامەندیان لەسەر بە ئەندامبوونی فیلاند دا.

دوای رازیبوونی هەنگاریا و تورکیا، فینلاند بە فەرمی بووەتە ئەندامی ناتۆ، ئێستاش کار لەسەر بە ئەندامبوونی سوید دەکرێت.