قایمقامی مەخموور دەستبەکار بوو

قایمقامیەتی قەزای مەخموور - ئەرشیف
قایمقامیەتی قەزای مەخموور - ئەرشیف

K24 - هەولێر

بەپێی نووسراوێكی پارێزگاری هەولێر كە ئاراستەی قایمقامیەتی مەخموور كراوە، بە فەرمانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و وەزیری ناوخۆ، قایمقامی قەزای مەخموور لە پۆستەكەی دەستبەکاربوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـێ کانوونی یەکەمی2023، عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، ماوەی هەشت ساڵ رزگار محەممەد، بە وەکالەت قایمقامی مەخموور بوو، بەڵام دوێنێ بەپێی نووسراوێكی پارێزگاری هەولێر كە ئاراستەی قایمقامییەتی مەخموور كراوە، بەپێی نووسراوێکی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە نووسراوی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، بڕیاری جێگیركردنی قایمقامی مەخموور دەرچوو.

لە نووسراوەكەدا ئاماژە بە ناوی قایمقام كراوە كە رزگار محەممەد ئیسماعیل بە فەرمی كرا بە قایمقامی مەخموور.

مەخموور یەکێک لە شارۆچکەکانی پارێزگای ھەولێر، لە رووی جوگرافییەوە بە دووری65کم دەکەوێتە خۆرئاوای شاری ھەولێر، شارەدێی گوێر، قەراج، دیبەگە، مەلاقەرە، گەیارە، شەرگات لەخۆ دەگرێت، لای رۆژھەڵاتی مەخموور شارەدێی سەرگەڕان، چیای بلباس(قەرەچووغ) دەکەوێتە ناوەڕاستی شارۆچکەکە و زورگەزراویش دەکەوێتە لای خۆرھەڵاتی باکوور.

ئا: لاڤین عومەر