گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک: دوو کەس یەکدییان کوشت

هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک
هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک

K24 - هەولێر

گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک دەڵێت، بەیانی ئەمڕۆ لە سەنتەری شاری دهۆک و دوو هاووڵاتی تەقەیان لە یەکدی کرد و هەردووکیان کوژران.

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-12-2023، نزیکەی کاتژمێر 10:00، لە نزیک پارکی دڵشاد محەممەد سەعید؛ دوو هاووڵاتیی دانیشتوویی دهۆک بەناوەکانی (حیکمەت هادی و مەهدی تێجر) تەقەیان لە یەکدی کرد و لە ئەنجامدا هەردووکیان کوژران.

هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، لە شوێنی رووداوەکەوە رایگەیاند، "بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، هەردوو کەسەکە لە نێو یەک ئۆتۆمبێلدا بوون و هەردووکیان دەمانچەیان لابووە؛ بووەتە دەمەقاڵێیان، تەقەیان لە یەکدی کردووە و هەردووکیان کوژراون".

بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک، "هەردوو هاووڵاتییەکە ئامۆزای یەکدین، خەڵکی یەک گوندن و پێشتر کێشەی کۆمەڵایەتییان نەبووە. دوای رووداوەکە، تەرمی یەکێکیان لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا مابوو، تەرمی ئەوەی دیکەشیان لەسەر شەقام بەجێ مابوو. ئێستا تەرمی هەردووکیان لە پزیشکی دادی دهۆکە".

هێمن سلێمان ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ رێگریکردن لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، لە پزیشکی دادی دهۆک و لە شوێنی رووداوەکە، بڵاوە بە هێزە ئەمنییەکان کراوە و، "چاوەڕێی لێکۆڵینەوەکانین بۆ ئەوەی ڕاستی رووداوەکەمان بۆ دەربکەوێت".