دووەم بەتەمەنترین کەسی جیهان لە تەمەنی 116 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد

K24 - هەولێر

بە گوێرەی بەرپرسانی پارێزگای ئۆساکای ژاپۆنی هاووڵاتییەکی وڵاتەکە بەناوی "فوسا تاتسۆمی" رۆژی سیشەممە لە تەمەنی 116 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ئەندامێکی شارەوانی کاشیوارا لە پارێزگای ئۆساکا لە ژاپۆن، لەسەر پلاتفۆڕمی "ئێکس" نووسییوویەتی "تاتسومی لە رۆژی سێشەممە 12-12-2023، لە تەمەنی 116 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد".

پارێزگاری ئۆساکا، هیرۆفومی یۆشیمورا، ماتەمینی بۆ مردنی ئەو ژنە گێڕا کە دوو جەنگی جیهانی بینیووە و لە تویتێکدا نووسیویەتی: "لەبیرمە کە بارودۆخی تاتسومی باش بوو"، کاتێک لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا ئامادەی ئاهەنگێک بوو کە بە بۆنەی تەمەن درێژییەکەی رێکخرابوو.

کەناڵی "MBS"، دیمەنەکانی دوایین رۆژی ئاهەنگی لەدایکبوونی نیشاندا و ئاماژەی بەوەدا، کە فوسا تاتسومی لەدایکبووی ساڵی 1907ـە، سێ منداڵی لەگەڵ هاوسەرە جووتیارەکەی بەخێو کردووە، لە نزیک ئۆساکا لە رۆژئاوای ژاپۆن.

فوسا تاتسومی دووەم بەتەمەنترین کەسی جیهان بوو لە دوای ئەو ژنە ئیسپانییە دێت کە لە ئەمریکا لەدایک بووە بەناوی ماریا براناس کە لە 4ـی ئاداردا تەمەنی بوو بە 117 ساڵ.

جێگای سەرنجە ژاپۆن لە ریزبەندی ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین رێژەی بەساڵاچوویان تێدایە، دووەم وڵاتە لە دوای مۆناکۆ، بەو پێیەی ژمارەی بەتەمەنەکانی 47 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.