عیرفان کەرکووکی: تەنیا لیستی پارتی داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی کەرکووک دەکات

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان، داوا لە هاووڵاتییانی کەرکووک دەکات لە رۆژی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، دەشڵێت: تەنیا لیستی پارتی داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی کەرکووک دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی20232، عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "بابەتی هەڵبژاردن یەکێکە لە بنەماکانی مافی مرۆڤ، ئێمەش وەک پارتێکی سیاسی تورکمانی، لەگەڵ لایەنە تورکمانییەکانی دیکە هەماهەنگی و بۆچوون و بیروڕا گۆڕینەوەمان هەیە، لە ئایندەشدا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشدار دەبین، شانبەشانی لایەنە تورکمانییەکانی دیکە".

گوتیشی: "ئێمەی تورکمان بەشێکین لە خاکی کوردستان، بەشێکین لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دانەبڕاوین، ئێمە بەرگری  لە خاکی کوردستان دەکەین، بەرگری لە هەرێمی کوردستان دەکەین، بەرگری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، چونکە حکومەتی خۆمانە، ئێمەی تورکمان وەکو پارتی گەلی تورکمان دووپات لەوە دەکەینەوە کە کوردستان خاکی ئێمەیە، برایەتی و پێکەوەژیانی مافی هەموولایەکە بۆ ئەوەی بتوانین ئەم حکومەتە بپارێزین".

عێرفان کەرکووکی، ئاماژەی بەوەشدا: "پارتی گەلی تورکمانی لە کەرکووکدا، شانبەشانی خەڵکی کەرکووک لە ژیان و گوزەرانی خۆیدایە، هەموو ناوچە تورکمانییەکان ئەو شوێنانەی کە بنکەی دەنگدانی تێدایە لە کەرکووک، رۆژی دەنگدان دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ دەدەن بە کاندیدەکەی خۆیان و لیستی 197، چونکە ئەو لیستە مافی ئێمە دابین دەکات، لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی کەرکووک دەکات".