توێژینەوەیەک: پشیلە زیاتر لە دوو هەزار جۆر زیندەوەر دەخوات لە جیهاندا

K24 - هەولێر

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە پشیلە زیاتر لە دوو هەزار جۆر زیندەوەران لە جیهاندا دەخوات، لەبەرئەوە بە سەدان جۆر زیندەوەر مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.

بەگوێرەی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، تیمی توێژینەوەکە لە زانکۆی ئۆبرن لە ئەمەریکا رایگەیاندووە، "پشیلە بە یەکێک لە کێشەدارترین جۆری داگیرکەرەکان دادەنرێت".

 توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لیستی ئەو بوونەوەرانەی کە پشیلە دەیانخوات، باڵندە و شیردەر و مێروو و پەلەوەرەکانی تێدایە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لەسەدا 17 یان گرنگن بۆ پاراستنی ژینگە.

بەگشتی پشیلەکان 981 جۆر باڵندە و 463 جۆری خشۆک و 431 جۆری شیردەرەکان دەخۆن، کە نزیکەی لە سەدا 90 ی ئەو جۆرانە پێکدەهێنن.

توێژەران ئاماژەیان بەوەکرد، ئەو پشیلانەی لە دوورگەکان دەژین زیانبەخشن، چونکە سێ ئەوەندەی ئەو جۆرە باڵندانە دەخۆن کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، بە بەراورد بەو شتانەی کە لە کیشوەرەکاندا دەیخۆن.

 کاریگەری پشیلە لەسەر گیانلەبەرە کێوییەکان مشتومڕێکی جددی لە نیوزلەندا دروستکردووە، کە یەکێک لە سیاسەتمەدارەکان هەڵمەتی بنبڕکردنی راگەیاندووە، هەروەها منداڵان هاندەدات بۆ تەقەکردن لە پشیلە دڕندەکان.

 تەنها لە ئوسترالیا مەزەندە دەکرێت، کە پشیلە ساڵانە زیاتر لە 300 ملیۆن ئاژەڵ دەکوژێت

 لە شاری ڤاڵدۆرف لە باشووری رۆژئاوای ئەڵمانیا، فەرمان بە خەڵک کرد، لە وەرزی بەهاردا بۆ ماوەی سێ مانگ پشیلەکانیان لە ماڵەوەدا رابگرن و نەهێڵن بچنە دەرەوە، ئەمەش بۆ پاراستنی باڵندە و دار کونکەرەکان، کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، کە لەو کاتەدا زاوزێ دەکەن.