هاوکار ساڵح: فیلمساز لەژێر خواستی بینەر فیلم دروست ناکات

هاوکار ساڵح
هاوکار ساڵح

K24 – هەولێر:

دەرهێنەری سینەمایی هاوکار ساڵح، خەڵکی شاری سلێمانیە، دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانە لە بەشی سینەمای کولیژی هونەر لە زانکۆی سلێمانی، هەروەها دەرهێنەری چوار کورتە فیلمە بەناوەکانی لاپەڕەشاراوەکان، لەبەردەم ئاوێنەدا، ئەودیوی دەرگای ماڵە بەرزەکان و دوایین دیدار.

کوردستان24: کورتەیەک لەکار و بەرهەمەکانت باس بکە؟ 

هاوکار ساڵح: زیاتر لە بیست بەرهەمی شانۆ و چوار کورتە فیلمم هەیە وەکو  سیناریست و دەرهێنەر، هەروەها چەند بەرهەمێکی ترم هەیە، وەکو یاریدەدەری دەرهێنەر و بەڕێوەبەری بەرهەم. 

کوردستان24: ئەکتەر و دەرهێنەری باش کێیە؟ 

هاوکار ساڵح: دەکرێ دەرهێنەری باش لە روانگەی کەسێک بۆ کەسێکی تر بگۆڕێت، بەڵام من پێم وایە دەرهێنەر پێویستە خاوەنی دنیا بینینی خۆی بێت و لە روانگەی خۆیەوە فیلم دروست بکات، دەربارەی ئەکتەری باش؛ دەکرێ ئەکتەری باش ئەو کەسە بێت، کە خاوەنی دیدگایەکی قوڵە بۆ ژیان و دەوروبەری و ئاگایی باشی هەیە، هەروەها قوتابخانەکانی بواری نواندن بە وردی دیراسەی کارەکتەرەکەی خۆی دەکات و لەگەڵی دەژێ. 

کوردستان24: کێشەکانی بەردەم سینەمایی کوردی چییە؟ 

هاوکار ساڵح: هێشتا ناتوانین پێناسەیەکی سەربەخۆمان هەبێت بۆ سینەمای کوردی، بەڵام بەرهەمهێنانی فیلم لە کوردستان لەبەردەم کۆمەڵێک کێشە و گرفتی بەردەوامدایە، نەبوونی پرۆداکشنی سەربەخۆ و بودجەی پێویست و ئازادی لە بەرهەمهێنان لە نموونەی کێشەکانن.

کوردستان24: سینەمای کوردیی لە چ ئاستێک دایە؟ 

هاوکار ساڵح: چۆنییەتی فیلمی کوردی لە ئاستێکی بەرزی هونەریدایە، بەڵام بەرهەمهێنانی فیلم زۆر لاوازە و هەمیشە سینەماکانمان بە فیلمی بیانی داگیرکراوە، ئێمە لە قۆناغێکداین کە هێندەی بواری سەربازی و سیاسی پێویستمان بە سینەمایە، چونکە جینۆساید و کیمیابارانی نەتەوەکەمان بەچاوی خۆمان بینی و کەس نییە بۆ نەوەکانی داهاتووی بگێڕێتەوە، بۆیە ئەرکی هونەر و سینەمایە بە ئەرشیفکردنی مێژووی ئەم گەلە زووڵملێکراوە. 

کوردستان24: بۆچی بینەری سینەما تا رادەیەک کەمە؟ بینەر چ جۆرە کارێکی دەوێت؟ 

هاوکار ساڵح: بینەری فیلم کەمە، لەبەرئەوەی سیاسەتی بەڕێوەبردنی ئێمە سینەمای نەکردووە بەکولتوور، من پێموانییە فیلمساز لەژێر خواستی بینەر فیلم دروستبکات و ئێمە ناوی بنێین هونەر، بە پێچەوانەوە ئەرکی هونەرمەندە بینەر و کۆمەڵگە ئاراستە بکات. 

کوردستان24: توانیوتانە لە کارەکانتان تیشک بخەنە سەر ئازار و برینەکانی کۆمەڵگەی کوردی؟ 

هاوکار ساڵح: هونەر و ئەدەب لە کۆڵانی خۆمانەوە دەست پێ دەکات، ئینجا بەجیهانی دەبێت، ئەمە گوتەیەکی رۆماننووس "گابریل گارسیا مارکێزە"، بۆیە بێگومان چیرۆکەکانمان لەو چوارچێوەیەدایە.

کوردستان24: بۆچی تا ئێستا لە کوردستان ناتوانرێت فیلمێکی ئەکشن بەرهەم بهێنرێت؟ 

هاوکار ساڵح: بەرهەمهێنانی فیلمی ئەکشن کەوتووەتە سەر دیدگای ئەو دەرهێنەر و پرۆدەکشنەی کە ئەو کارە دەکات، من خواست و حەزم بۆ ئەو ژانرە لە فیلم نەبووە و نابێت.