تارا جەلال: خزمەتگوزاری و ئاسایش بۆ دووزخورماتوو دەگەڕێنینەوە

0
0

K24 – هەولێر:

کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دووزخورماتوو ئاماژە بەوە دەکات، لەدوای 16  ی ئۆکتۆبەر، ئاسایش و ئارامی لە دووزخورماتوو نەماوە، هەر بۆیە ئەوانەی لە رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر ئاوارە بوون دڵنیانین بگەڕینەوە، تەنها بە دەرچوونی پارتی لە هەڵبژاردنەکان ئەو متمانەیان بۆ دەگەڕێتەوە بچنەوە سەر ماڵ و ژیانی خۆیان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (14ـی کانوونی یەکەمی 2023)، تارا جەلال کاندیدی ژمارە 12ـی  پارتی دیموکراتی کوردستان لە دووزخورماتوو بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان هاوپەیمانێتیان لەگەڵ (حسم الوطن العراقي) دروستکردووە، گوتیشی: ئەو هاوپەیمانیەتیە بە بڕیاری سەرکردایەتی پارتی ئەنجامدرا لەپێناو ئەوەی سەرکەوتنی گەورەتر لە هەڵبژاردن بەدی بێت.

تارا جەلال ئومێدی بەهێزی بە دەرچوونی خۆی هەبوو لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە دووزخورماتوو، دەڵێ: ئەو متمانەیەم بە دەنگدەرە کوردەکانە، پێشی وابوو لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، زۆرێک لە خەڵکی شارەکە لەوکاتەوەی ئاوارە بوون، نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و ژیانی خۆیان، چونکە دڵنیا نین.

ئەو کاندیدە ئافرەتەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دووزخورماتوو گوتی: قەزای دووزخورماتوو لە 16ـی ئۆکتۆبەر زۆرترین زیانی بەرکەوت، ئێستا بە گەڕانەوەی پارتی خەڵکی دووزخورماتوو دەزانن کێ دڵسۆزی شارەکەیە، "دەشزانن پارتی تاکە لایەنە، شەڕەفی کورد لەو شارە دەپارێزێت".

لەلایەکی دیکەوە، کاندیدەکەی پارتی لە دووزخورماتوو رایگەیاند: تا ئێستا گەڕەکە کوردییەکان خزمەتگوزاریان بۆ نەچووە، ئەوەش وای کردووە ژمارەیەکی کەمی خەڵک لەو گەڕەکانە دەژین، گوتی: خواستمە بە دەرچوونم لەو هەڵبژاردنە خزمەتگوزاری بگەیەنمە ئەو گەڕەک و ناوچەکان، بەتایبەتیش گەڕەکە کوردییەکان، لەگەڵ ئەوەی پرەنسیپی نەگۆڕی پارتیی بۆ ئێمە ئەوەیە  جیاوازی نەکەین لەنێوان پێکهاتە و نەتەوەکان لە گەیاندنی خزمەتگوزاری پێیان.

تارا جەلال بەڵێنی بە دەنگدەرانیدا، خزمەتگوزاری و ئاسایش بۆ دووزخورماتوو بگەڕێننەوە، بۆ ئەوەی وەک پێش رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر هەمووان بەیەکەوە بژین.

کارزان حەیدەر