بزووتنەوەی گۆڕان بۆ کوردانی ناوچە جێناکۆکەکان: بڕۆن دەنگ بدەن

لۆگۆی بزووتنەوەى گۆڕان
لۆگۆی بزووتنەوەى گۆڕان

K24 – هەولێر:

بزووتنەوەی گۆڕان داوا لە دانیشتووانی کورد لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەددین و دیالە دەکات، بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن و دەنگ بە لیستە کوردییەکان بدەن.

رۆژی پێنجشەممە (14ـی کانوونی یەکەمی 2023) بزووتنەوەى گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا جەختی کردووەتەوە، "بەشداری سیاسیی هاونیشتمانیانی کورد لە رێگەی هەڵبژاردنەوە؛ هەنگاوێکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخی داسەپاوی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، بۆ راگرتنی پرۆسەی تەعریب و زەوتکردنی مافی جووتیارانی کورد، بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی نوێ، کە بە ئاڕاستەی زیادکردنی خزمەتگوزارییەکان و ئاوەدانکردنەوەی گوندە وێرانەکان هەنگاو بنێت".

لە راگەیەندراوەکەدا، بزووتنەوەی گۆڕان بە پێویستی دەزانێت، هاووڵاتییانی کورد لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەددین و دیالە بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بکەن بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی و دیموکراتی دەنگ بە لیستە کوردییەکان بدەن".

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری لە هیچ هاوپەیمانییەک نەکردووە و بە تەنیاش هیچ لیست و کاندیدێکی نییە بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردن.

دوای 18 ساڵ، لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک بەڕێوەدەچێت، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2005 و رووداوەکانی 16ـی ئۆکتبەرەوە، دەبێتە یەکەم هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە شارەکە. هەروەها دوای 10 ساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە نەینەوا، سەڵاحەددین و دیالە بەڕێوەدەچێت، کە دوایین هەڵبژاردن لە ساڵی 2013 لەو پارێزگایانە ئەنجامدرا.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

هەروەها کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، شەش هەزار و 22 کاندید کێبڕکێ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و لەمیانی پرۆسەی وردبینیکردن و بەدواداچوون، 357 کاندید لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرانەوە ژمارەی هاوپەیمانییەکانیش 38 لیستە، لەگەڵ 163 پارت و کاندیدی سەربەخۆ، بەشێوەیەک چوار هەزار و 223 کاندید لە هاوپەیمانییەکان و هەزار و 729 کاندید لە پارتەکان و 70 کاندیدی سەربەخۆ پێکهاتوون.

لەبارەی کاندیدی پێکهاتەکانیش، 16 کاندید لە پێکهاتەی کریستیان و 13 کاندید لە پێکهاتەی کوردە فەیلییەکان و پێنج کاندیدی شەبەک و چوار کاندیدی ئێزدییەکان خۆیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کاندید کردووە.