ئاسۆی نرخی نەوت لە ساڵی 2024 لە نێوان رێژەی بەرهەمهێنان و خواستی بازاڕدا

K24 - هەولێر:

دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی سێپتێمبەر نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە نزیکەی 98 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، نرخی نەوت لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵ بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە، بەمەش سێیەم مانگە لە دوای یەک بەهاکەی دادەبەزێت، ئێستا نرخەکەی بە ئاستەکانی 77 دۆلارە. وەبەرهێنەران بۆ ساڵی 2024 نیگەرانن لە سەرڕێژی خستنەڕووی نەوتی خاو و سستبوونی گەشەی ئابووری جیهان، سەرەڕای گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دەتوانێت ببێتە هۆی ناجێگیری نرخەکانی نەوت.

تێکڕای نەوتی خاوی برێنت بۆ ئەمساڵ نزیکەی 80 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا ساڵی 2022 بەهۆی پچڕانی خستنەڕووی نەوتی خاوی رووسیا لە دەرئەنجامی ناکۆکییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئۆکرینا نرخی نەوت بۆ زیاتر لە 100 دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام نیگەرانییەکان لە گەشەی ئابووری جیهان و گەشەی خواست فشاری بۆ سەر نرخی نەوت هێنا و دایبەزاند. هاوکات، نرخی نەوت کەوتە ژێر گوشاری بەهێزبوونی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوی ئۆپێک، تەنانەت لە کاتێک خواستی جیهان بۆ نەوتی خاو گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و ئەمساڵ 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێپەڕاندووە.

لە راپرسییەکدا، لە نێوان 30 ئابووریناس و شرۆڤەکاردا ئەنجامدراوە، پێشبینی دەکەن نرخی نەوتی خاوی برێنت لە ساڵی 2024 بە تێگڕا بە 84 دۆلار و 43 سەنت مامەڵەی پێوە بکرێت. ئەم خەمڵاندنە سەرەڕای پێشبینی گەشەی خواستە لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە بە  1.1 ملیۆن بەرمیل و ئۆپێک بە 2.25 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بۆ هەمان ماوەی دیاری کراو.

خستنەڕووی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە لە دواین راپۆرتی مانگانەی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، خستنەڕووی نەوتی جیهان لە ماوەی ئەمساڵ بە بڕی 1.8 ملیۆن بەرمیل بەرزدەبێتەوە و، ساڵی داهاتوو خستنەڕووی نەوتی خاو لە خواستی جیهان زیاتر دەبێت، هەرچەندە پێشبینی خستنەڕووی نەوتی خاوی 300 هەزار بەرمیلی بۆ 1.3 ملیۆن کەمکردووەتەوە.

کۆمپانیایی راوێژکاری ريستاد ئینێرجی و دامەزراوەی جەی پی مۆرگان، پێشبینی دەکەن خستنەڕووی نەوت بەهۆی بەرزبووەنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی دەرەوی رێکخراوی ئۆپێک لە ساڵی 2024 لە نێوان 1.2 بۆ 1.9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا گەشە بکات. 

شرۆڤەکاران لە بارەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت هۆشداریان داوە. ڤیکاس دویڤیدی ستراتیژیستی وزەی جیهانی لە دامەزراوی ماکواری پێشبینی دەکات، لە هەموو چارەکەکانی ساڵی داهاتوو سەرڕێژەی لە بازاڕی نەوتدا هەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، وەبەرهێنەران بە گرنگییەوە چاودێری ئامارەکانی تایبەت بە خستنەڕووی نەوتی خاو لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2024 دەکەن، بە تایبەت کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی وڵاتانی ئۆپێک پڵەس کە پلانیان داناوە لە چارەکەی یەکەم ساڵی داهاتوو بە بڕی 2.2 ملیۆن بەرمیل ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکەنەوە.

دامەزراوە داراییەکان لە نێویداندا، گرووپی بانکەکانی ئوسترالیا و نیوزیلاندا، رایدەگەیەنێت، ئەگەر ئۆپێک پابەند بێت بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت رەنگە ببێتەوە هۆی کورتهێنانی نەوت بە کەمتر لە 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بۆ چارەکی ساڵی داهاتوو.

خواستی جیهان بۆ نەوتی خاو

لە دووایین راپۆرتی مانگانەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە ئاشکرای دەکات، خواستی جیهان بۆ نەوتی خاو بە بڕی 2.3 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لە ساڵی 2023 گەشە دەکات و دەگاتە  101.7 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، ئەمەش بە نزیکەیی هاوتای پێشبینیەکانی رێکخراوی ئۆپێکە، دوای ئەوەی رۆژی چوار شەمە لە راپۆرتی مانگانەی خۆی رایگەیاند، خواستی جیهان بۆ نەوتی خاو لە ماوەی 2023 بە 2.46 ملیۆن بەرمیل رۆژانە بەرز دەبێتەوە. بەڵام پێشبینی هەردوو دامەزراوەکە بۆ ساڵی ئایندە سەرباری بەرزکردنەوەی پێشبینی خواست لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە هێشتا کەلێنێکی گەرەیە، لە راپۆرتەکەیدا رایگەیاندووە، بەکاربردنی جیهان لە ساڵی 2024دا بە بڕی یەک ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزدەبێتەوە دەگاتە 102.78 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، بە بەراورد بە پێشبینییەکانی پێشووی رۆژانە 130 هەزار بەرمیل زیادیکردووە، بەڵام بەراورد بە پیشبینی ئۆپێک بۆ هەمان ماوە کە 2.25 ملیۆن بەرمیلە کەلەنێکی گەورەیە.

هیندستان بازاڕێکی گەورەی ئاسیایە، بە سێیەم گەورەترین بەکاربەری نەوتی خاو  ئەژمار دەکرێت و بازاڕێکی گرنگە بە تایبەت بۆ بەرهەمهێنەرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رووسیا. کۆمپانیایی ريستاد ئینێرجی، گەشەی خواستی هیندستانی بۆ نەوتی خاو 150 هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمکردووەتەوە، ئەمەش کەمترە لە بڕی گەشەی خواست بۆ نەوتی خاو لە ماوەی نێوان 2021 بۆ 2023 کە گەشەی خواستی هیدنستان نزیکەی 290 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا. دیلان سیم، شرۆڤەکاری باڵای کۆمپانیایی راوێژکاری ئێف چی ئی پێشبینی دەکات گەشەی خواستی هیندستان لە ساڵی نوێ لاواز بێت و گەشەی بەکاربردنی رۆژانە 20 هەزار بەرمیل کەمتر بێت بە بەراورد بە ساڵی 2023.

بە گشتی

چاوی وەبەرهێنەران لەسەر پابەندبوونی وڵاتانی ئۆپێک پڵەسە بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوو، سەرەڕای گەشەسەندنی وزەی پاک و پیشەسازی ئۆتۆمبێلی کارەبایی کە دەتوانێت خواستی جیهان بۆ وزەی بەردینی پەراوێز بخات. نیگەرانی گەشەی ئابووریش ئەوەندەی تری فشار لە ساڵی نوێ دەهێنێت، رێكخراوی هاریكاری ئابووری و گه‌شه‌پێدان، پێشبینی دەکات گەشەی ئابووری جیهان لە ساڵی 2024 بە 2.7% بێت لە کاتێکدا ئەمساڵ 2.9%  بووە، گرژی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رووسیا ئۆکرانیا. دەتوانێت ساڵێکی ناسەقامگیر بۆ نرخی نەوت بهێنێت.