کوردستان24 وردەکاری پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت و ئاوارەکان دەخاتەڕوو

K24 – هەولێر:

رۆژی شەممە لە ھەرێمی کوردستان دەنگدانی تایبەت و ئاوارەکان  بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەرێوەدەچێت. لە ھەولێر 15 ھەزار دەنگدەری تایبەت لە 12 بنکە دەنگ دەدەن و لە قوشتەپەش بنکەیەک بۆ ئاوارەکانی ئێزدی دیاریکراوە، لە شەش کەمپیش پێنج ھەزار ئاوارە دەنگ دەدەن.

دەنگدان بە ئەلیکترۆنی بەرێوەدەچێت و ئامێرەکان لە بنکەکان ئامادەن، دەنگدەر تەنیا دەتوانێت بە کارتی بایۆمەتری دەنگ بدات کە وێنەی دەنگدەری لەسەر بێت، دەنگدانیش تەنیا بەو قەڵەمە ھەژمار دەکرێت کە کۆمیسیۆن دیاریکردووە، هەروەها لەم هەڵبژاردنەدا بۆ یەکەم جار لە بنکە و ویستگەکانی دەنگدان کامێرای چاودێری دادەنرێت، کامێراکە وێنە و دەنگ تۆمار دەکات، ھەر وێستگەیەکیش دوو کامێرای تێدا دادەنرێت.

ئومێد عەبدولقادر، بەرپرسی بنکەی دەنگدان تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەموو ئەو کەلوپەلانەی کە پێویستن بۆ هەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەت و ئاوارەکان بەدەستمان گەیشتووە، لە هەڵبژاردنی ئەمجارە تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو بەکارهاتووە جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوو.

گوتیشی: کامێرەی چاودێری هەیە لە تەواوی وێستگەکان، هەروەها ئەوەی کارتی دەنگدانی فەرمی نەبێت ناتوانێت دەنگ بدات.

لەلایەن خۆیەوە، حەیدەرمحەممەد، بەرپرسی نووسينگەی ھەولێری کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت: لە هەولێر شەش کەمپی ئاوارەکان هەیە، لەو شەش کەمپەش بنکەی دەنگدان کراوەتەوە، هەروەها بۆ ئاوارەکانی شنگال بنکەیەکی دەنگدان هەیە لە قوشتەپەیە، 12 بنکەشمان هەیە بۆ دەنگدانی تایبەت، لە دەنگدانی تایبەتدا 15 هەزار دەنگدەر هەن، ئاوارەکانیش زیاتر لە پێنج هەزار دەنگدەرن.

لە ھەرێمی کوردستان ئاوارەکان و دەنگدەری تایبەت رۆژی شەممە دەنگ دەدەن، ژمارەی دەنگدەرانی ھەولێر بەسەر ئاوارەکان و ھێزە ئەمنییەکان دابەشکراوە، ئێزدییەکانیش یەک بنکەیان بۆ دیاریکراوە و نۆزدە بنکەش بۆ دەنگدەران دیاری کراوە.

ڕیارە لە 18ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.