بێژەن عەزیز: شیعر پێویستی بە بەرپابوونی سەردەمێکی مۆدێرنی تەواوە لە کوردستان

بێژەن عەزيز، شاعیر
بێژەن عەزيز، شاعیر

K24 – هەولێر:

شاعیر بێژەن عەزيز، خەڵکی شاری هەولێرە و هەڵگرى بروانامەى بەكالۆريۆسە له بەشى شيكارى نەخۆشى و ئەندامى سەرەکی ئاژەڵ دۆستانى كوردستانە و خاوەنى بەرهەمێكى چاپكراو و زياتر له شەش كۆڕى شيعرى تايبەت به خۆیەتی کە  له شاره جياوازەکانی كوردستان ئەنجامی داوە و له‌ چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ كوردستان24 باس له‌ ئه‌زموونی شیعری خۆی و پڕۆژه‌كانی ده‌كات.

كوردستان24: باسێکی کورتەیەک لە بەرهەمە شیعرییەکانت بکە؟

بێژەن عەزيز: من به شێوەى قەسيده دەنووسم، وه كاريگەرى تەواوى خۆشەويستى و ئاژەڵ دۆستى و ژينگه پارێزيم به روونى لێمەوە بەرجەسته دەكرێ.

كوردستان24: لەکەیەوە دەنووسیت؟

بێژەن عەزيز: له تەمەنى شانزه ساڵيەوە دەنووسم، بەڵام كەمتر له دووساڵه نووسينەكانم دەخەمه روو به شێوه جياوازەكانى پێشكەش كردن و هەستم به ئامادەى تەواوەتى كردووه.

كوردستان24: بۆچی دەنووسیت؟

بێژەن عەزيز: لەم سەردەمەدا هەموو پيرۆزيەكان كاڵ بوونەتەوە  به تايبەت خۆشەويستی و عەشق، دەمەوێ پێنووسەكەم نيشانى بدات هێشتا جوانى و پاكى له مرۆڤانێك ماوه بەرامبەر به مەعشووقيان و ئەوە عەشقه دەتوانێت ژيان جوان بكات، لەگەڵيشيدا پەيامى ژينگه پارێزى و ئاژەڵ دۆستى له ناخى خوێنەرنمدا بچەسپێنم.

كوردستان24: باشترین ڕێگا بۆ دەستپێکردن و کۆتایی هێنان بە شیعرەکە چییە؟

بێژەن عەزيز: وەك دەزانين شيعر له شعورەوە هاتووه، بێگومان دەستپێكيش لەم هەست كردنەيه به رووداوەكانى بەرۆكى ژيانمان دەگرێت و برينه قووڵەكان و ئازارەكانى كۆمەڵگا بەرجەستە دەكەين، كۆتايى هێنانيش به روانگەى من پێويستى به خەياڵ كردن و ئەندێشەيەكى قووڵە.

كوردستان24: بە چ فۆڕمێک شیعر دەنووسی، کلاسیک، ئازاد، یان ئەو پێکهاتەی خۆت درووستی دەکەی؟

بێژەن عەزيز: من به شێوازى مۆدێرن دەنووسم، كه مۆدێرن باڵى بەسەر هەموومان كێشاوه هەر له بچووكەوە تا گەورەمان، پێم ڕەوايه سەردەمێكى مۆدێرنى تەواو له كوردستان بۆ شيعريش پێويسته بەرپا ببێ.

كوردستان24: سەردەمی شیعری ئەمڕۆ لەچاو سەردەمەکانی پێشووتريدا چۆن دەبینی؟

بێژەن عەزيز: هەر سەردەمە و به شيعر و پێنووسى خۆى جوانه، بەڵام دەبينين لاوازه، نكۆڵى لەوە ناكرێت له چاو سەردەمى پێشوودا.

كوردستان24: شیعری ئەمڕۆ چەقبەستووە؟ گەر وایە چۆن شیعر لەو چەقبەستووە دەربهێنین؟

بێژەن عەزيز: بەبڕواى من شيعر چەقبەستوو نييه، بەڵكو كۆمەڵێك نووسەرن چەق بەستوون و بەرامبەر چەندان نووسەر كە دەيانەوێت شيعر و نووسين لەم زەلكاوه بهێننە دەرەوە كه دەتوانين بەراورديان بكەين به نووسەرانى گلۆباڵ، پێويسته رۆڵەكانمان چاوكراوەتر بن و به دواى چەپڵەوه نەبن، بەڵکو به دواى ئەم دەقانە بن كه گەوهەرين و له كتێبخانەكان خۆڵ دايپۆشيون و نووسەرانمان زياتر و زياتر خوێنەر بن و لە بيرى نەكەن دونيای ئەدەب فراوانەو له گۆرانكاريدايه.

كوردستان24: چارەنووسی شیعر لە نێوان تەکنەلۆژیا و ئامێرەکان چۆن دەبێت؟

بێژەن عەزيز: تا دێت خراپتر دەبێت، كۆمەڵێک كەس وڕێنەكردنيان كردووه به شيعر و سۆشياڵيش گەورەى كردوون.

كوردستان24: زۆرێک لە شاعیران بێزارن بەدەست عەشقەوە، تۆش لەو شاعیرانەی عەشق بێزاری کردبیت؟

بێژەن عەزيز: بەبڕواى من عەشق مانا دەدات به ژيان، بۆيه وەك بێزارى بەرجەستەى ناكەم، روونتر بڵێم كارەكتەرەكانى نێو ژيانن وات لێدەكەن هەست به بێزارى بكەيت نەك خودى عەشق، دەتوانم بڵێم گەیشتنى من بەم گفت و گۆيە خودى عەشق بووە.

كوردستان24: گەر باسی رەخنە بکەین، پێت وایە ڕەخنەی باش شیعری باش بەرهەمبهێنێت؟

بێژەن عەزيز: بێگومان، هەموو كات رەخنه ئەنجامى باشى دەبێت، گەر هەرچەند زبريش بێت ياخود نەرم بێت، هەميشه رەخنه پێويسته.

كوردستان24: پڕۆژەی نوێت چییە؟

بێژەن عەزيز: ئەلبوومێكى تۆمار كراوم بڵاو دەبێتەوە بەمزوانه له ژێر ناونيشانى (تۆ نامۆيت)، كه پێكهاتووه له نۆ قەسيدە و ئەنجامدانى چەند كۆڕێك له شاره جیاوازەکانی كوردستان.