سبەی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستپێدەکات

هەڵبژاردن لە عێراق
هەڵبژاردن لە عێراق

K24 - هەولێر:

سبەی شەممە بنکەکانی دەنگدان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە رووی هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان و ئاوارەکان دەکرێتەوە.

بڕیارە سبەی شەممە (16ـی کانوونی یەکەمی 2023) کاتژمێر حەوتی بەیانی تاوەکو شەشی ئێوارە، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی بەگوێرەی رێنمایی و رێکارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتاییهات.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامارەکانی دەنگدانی تایبەتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی بڵاوکردەوەم بەشێوەیەک یەک ملیۆن و دوو هەزار و 393 دەنگدەر لە هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان مافی دەنگدانیان هەیە، کە 565 بنکەی دەنگدانیان بۆ کراوەتەوە کە دوو هەزار و 367 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرن.

هەروەها 48 هەزار و 260 ئاوارە سبەی لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت مافی بەشداریکردنیان هەیە کە 35 بنکەی هەڵبژاردنیان بۆ ئامادەکراوە کە 120 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

دوای خۆپیشاندانی تشرینییەکان لە 2019، وەک یەکێک لە داواکاری خۆپیشاندەران، پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە کاتێکدا دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراقدا لە نیسانی 2013 بەڕیوەچوو، هاوکات وەک یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی پێکهێنانی سوودانی لە ئەنجامی رێککەوتنی لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت هاتە کایەوە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بوو.

دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بریتییە لە هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەکانی و بەرپرسانی ئیداری، هاوکات دەسەڵاتی لادان و لێپرسینەوەشی لە کارەکانیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، چاودێریکردن و پەسەندکردنی پلانی پرۆژەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەشێکی دیکەیە لە ئەرک و دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.

رۆژی 18ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەدەچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

لەم هەڵبژاردنەدا، 70 پارت و هاوپەیمانی سیاسیی کێبڕکێ لەسەر 275 کورسی لە هەر 15 پارێزگاکە دەکەن کە کە نزیکەی شەش هەزار کاندید لەسەر لیستەکان و بەشێوەی سەربەخۆ، کێبڕکێی هەڵبژاردن ئەنجامدەدەن.