سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا: ناکرێت فەڵەستینییەکان بە زۆرەملێ لە غەززە ئاوارەبکرێن

ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا
ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا

K24 - هەولێر:

ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت: ناکرێت فەڵەستینییەکان بە زۆرەملێ لە غەززە ئاوارەبکرێن، نابێت غەززە ببێتە نوایەکی ئارام بۆ حەماس و نابێت حەماس لە په‌یكه‌ربه‌ندی حکومەتی دەوڵەتی فەڵەستین دابێت.

ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، تا ئێستا تیمی ئەوروپا 28 گەشتی ئاسمانی بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە رێکخستووە، کە بەبڕی هەزار و 200 تۆن هاوکارییان گەیاندووە.

هاوکات راشیگەیاند، پێش کۆتایی ساڵیش پلانمان بۆ پێنج گەشتی دیکەی ئاسمانی داناوە بۆ گەیاندنی هاوکاری بۆ غەززە.

ئورسولا ڤۆن دێرلاین، دەڵێت: ئاشتی نابێت ئەگەر ئەگەرێک بۆ چارەسەری سیاسی بۆ ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان بوونی نەبێت، ئەویش چارەسەری دوو دەوڵەتە.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا، گوتی: ناکرێت فەڵەستینییەکان بە زۆرەملێ لە غەززە ئاوارەبکرێن، نابێت غەززە ببێتە نوایەکی ئارام بۆ حەماس و نابێت حەماس لە په‌یكه‌ربه‌ندی حکومەتی دەوڵەتی فەڵەستین دابێت.

گوتیشی: دەبێت دەسەڵاتێکی چاکسازکراوی فەڵەستینی کەرتی رۆژئاوا و غەززە بەڕێوەببات و نابێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بوونی ئەمنی ئیسرائیل لە غەززە هەبێت.

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

هه‌روه‌ها بەگوێرەی ئاماری سوپای ئیسرائیل لە دەستپێکی شەڕی غەززە لە 7ـی تشرینی یەکەمی ئه‌م ساڵه‌وه‌ تا ئێستا 434 سەربازی ئیسرائیل کوژراون.