کۆمپانیایەکی دیکەی بواری نەوت دەبێتە ئەندامی ئەپیکور

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)

K24 – هەولێر:

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) ئاشکرایکرد، کۆمپانیای کالێگران بی ڤی، بووەتە ئەندامی هەشتەمی کۆمەڵەکەیان کە لە ساڵی 2007ـەوە لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان کاردەکات.

لە راگەیەندراوێکدا ئەپیکور ئاماژەی بەوەکردووە، کۆمپانیای کالێگران بی ڤی کە لەلایەن مۆڵ گرووپەوە خاوەندارییەتی دەکرێت کە بنکەی سەرەکی لە هەنگاریایە، لە کێڵگەی شێخان بەرێژەی 20% هاوبەشی کۆمپانیای نەوتی گەلإ کیستۆنە.

کۆمپیاکانی مۆڵ گرووپ لە چەندین پرۆژەی نەوتی لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا بەشدارە، لەوانە سێ پاڵاوگە، دوو کێڵگەی پیترۆکیمیاوی و تۆڕێکی 2400 وێستگەی خزمەتگوزاری، هەروەها لە 10 وڵاتی جیهان کاردەکات و ئەزموونی 85 ساڵ کارکردنی هەیە لە بەرهەمهێنانی نەوت و گازدا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەندامانی ئەپیکور ئێستا زیاتر لە 50%ـی تەواوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنن.

هاوکات ئەپیکور لەبارەی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان جەختی کردووەتەوە، "هانی هەموو لایەنەکان دەدەن بگەنە چارەسەرێکی بازرگانی، کە مافەکانیان بەگوێرەی گرێبەستەکانیان بپارێزێت و پەرە بە کەشوهەوای وەبەرهێنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بدات".

هەواڵی پەیوەندیدار:

ئەپیکور مەرجەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگەیاند

شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز کۆبووەوە