جوتیار عادل: زۆرترین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە کابینەی نۆیەمدا جێبەجێکراون

جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان
جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژە بەوەدەکات؛ کابینەی نۆیەم هەوڵی فرەچەشنکردنی داهاتەکانی داوە و زۆرترین پڕۆژەی خزمەتگوزاریش لەو کابینەیەدا جێبەجیکراون.

جوتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، کۆمەڵێک پڕۆژەی تەواونەکراوی کابینەکانی پێشوو مابوویەوە، خۆشبەخاتنە حکومەت لەم کابینەیەدا سەرجەم ئەو پڕۆژە تەواونەکراوانەی تەواوکرد و کە گرنگیترینیان پڕۆژەی بەنداوەکان بوو کە نزیکەی 15 بەنداو تەواوکراون.

سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەدا؛ لەم کابینەیەدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی زۆر جەختی دەکردەوە لەسەر بابەتی ئاسایشی خۆراک، کە هەرێمی کوردستان خاکێکی بە پیتی هەیە دەتوانێت ببێتە سەبەتەی سەرەکی خۆراک بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق، هەروەها لەو کابیەنەیەدا کۆمەڵیک بەرهەمی ناوخۆی جووتیاران هەناردەی وڵاتانی دەرەوە کراوە، کە ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

جوتیار عادل، گوتی: لە درێژەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی دروستکردنی 110 پۆند لە قۆناغی جێبەجێکردندان، کە نزیکەی 40ـیان تەواوکراون، لە ئاییندەیەکی نزیکیشدا 70 پۆندی دیکە دروستدەکرێن.

سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، باسی لەوەکرد، لە کارنامەی کابینەی نۆیەم یەک لە خاڵە هەرە گرنگەکان بابەتی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات بووە، هەروەکو جەنابی سەرۆکوەزیران فەرموویەتی کە نابێت بۆ لەمەودا تەنیا پشت بە داهاتی نەوت ببەسترێت.

جوتیار عادل، دەڵێت: لەو ماوەیەدا نزیکەی 359 پڕۆژە بە گوژمەی 13.8 ترلیۆن دینار جێبەجێکراون، هەروەها ئەم کابیەنەیە بەراورد بە کابینەکانی پێشوو زۆرترین پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ کردووە.

لەبارەی پڕۆژەکان لە سێکتەری کشتوکاڵ، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، نزیکەی دوو هەزار پڕۆژەی کشتوکاڵی لە بواری پەلەوەر جێبەجێکراون، کە نزیکەی 60 هەزار هەلی کاری رەخساندووە.

گوتیشی: لەم چوار ساڵەدا مۆڵەت دراوە بە نزیکەی 824 کارگە، کە بە نزیکەی 1.2 ملیان دۆلار وەبەرهێنان کراوە. هەروەها لە رێگەی پڕۆژەی بووژانەوە کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، کە نزیکەی 150 هەزار دۆلار دەدرێت بەو کەسەی کە هەر بیرۆکەیەکی هەبێت لە دامەزراندنی هەر پڕۆژەیەکدا، ئەمەش هاندانی گەنجانە بۆ ئەوەی بیر لە کاری سەربەخۆی خۆیان بکەنەوە، نەک تەنیا بیر لە دامەزراندن بکەنەوە لە کەرتی حکومیدا.

سەبارەت بە سێکتەری پەروەردە، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، لەم چوار ساڵەدا دەست بە دروستکردنی 109 قوتابخانە کراوە، هەروەها هەزار و 511 قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە و 463 ژووری نوی بۆ خوێندن لە قوتابخانەکان دروستکراون.

تایبەت بە سێکتەری وەبەرهێنان، جوتیار عادل ئەوەی خستەڕوو، بای  نزیکەی 13 ملیار دۆلار وەبەرهێنان کراوە لە هەرێمی کوردستان کە 13 هەزار هەلی کاری رەخساندووە.

لەبارەی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان روونیکردەوە، چەندین جار لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر سەرجەم پرسەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق پابەندی رێککەوتنەکان نەبوونە و بەڵێنەکانیان راست دەرنەچوونە.

ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە، بەڵام  ئەوەی لە بەغدا بەرامبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێت شەڕی ئیرادەیە.

سەبارەت بە پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی جوتیار عادل، دەڵێت: ئەم جموجۆڵانی کە ئێستا لەم هەرێمە بەدی دەکرێت، رۆڵێکی گەورەی هەیە لە بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان، هەروەها سەردانی زۆری نێردە نێودەوڵەتییەکان و کردنەوەی زۆرینەی کونسوڵخانە و نووسینگەکانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتی دیپلۆماسییەکان پێگەیەکی بەرزی هەبووە و بووەتە جێگەی بایەخی وڵاتانی جیهان.