رێبەر ئەحمەد: ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەبارەی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاوارەکان بەرز دەنرخێندرێت

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – جنێڤ:

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن، هەروەها ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەبارەی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاوارە و پەنابەرەکان لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بەرز دەنرخێندرێت.

ئەمڕۆ هەینی (15ـی کانوونی یەکەمی 2023) رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) کردووە سەردانی فەرمی ئەنجامبدەن بۆ بەغدا و هەولێر، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گفتوگۆ بکەن لەسەر پرسی ئاوارە و پەنەبارەکان.

ئاماژەی بەوەدا، پێشتریش نەخشەرێگایەک لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە (UN) هەم بۆ عێراق هەم بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە بە مەبەستی ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو نەخشەرێگایە جێبەجێ بکەن و کۆتایی بە پرسی ئاوارە و پەنابەرەکان بهێنن.

رێبەر ئەحمەد، گوتی: ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەبارەی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاوارە و پەنابەرەکان لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بەرز دەنرخێندرێت.

هاوکات وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن.

لەلایەن خۆیەوە رۆبەرت پایپەر، راوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان (UN) بۆ چارەسەرکردنی ئاوارەبوونی ناوخۆیی بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەری ناوخۆیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن.

راوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان (UN) بۆ چارەسەرکردنی ئاوارەبوونی ناوخۆیی ئاماژەی بەوەدا، شەرەفمەندم بە هاتنی جەنابی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جنێڤ، دڵخۆشم کە لێرە لەگەڵمانە.

رۆبەرت پایپەر، دەڵێت: عێراق یەکێکە لە وڵاتە گرنگەکانی هەوڵە جیهانییەکان بە مەبەستی باشترکردنی پشتیوانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ حکومەتەکان لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاوارەبوونی ناوخۆیی.

گوتیشی: تا ئێستاش لە عێراق و هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی ناوخۆیی هەیە، حکومەتی عێراق پێشوازی لە هەماهەنگییەکانمان کرد بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوو بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە زیاتر لە نزیکەوە کار لەگەڵ حکومەتی عێراق بکەین.

راوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان (UN)، ئاماژەی بەوەدا، "جەنابی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان زانیاری لەبارەی دۆخەکە پێداین و هاوبەشی بەو تێبینیانە کرد کە چۆن بەیەکەوە بەرەوپێش بڕۆین".