هۆگر چەتۆ: لە کەرکووك رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن بەرز دەبێت

هۆگر چەتۆ، سه‌رۆكی تۆڕی شه‌مس بۆ چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان
هۆگر چەتۆ، سه‌رۆكی تۆڕی شه‌مس بۆ چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان

K24 – هەولێر:

سه‌رۆكی تۆڕی شه‌مس بۆ چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاماژە بەوەدەکات، بەهۆی بەکارهێنانی ئامێری پێشکەوتووەوە پێشبینی ناکەن کێشە و گرفتی زۆر لەکاتی دەنگدان رووبدات. گوتیشی: لە کەرکووک رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن بەرز دەبێت

هۆگر چەتۆ، سه‌رۆكی تۆڕی شه‌مس بۆ چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، تۆڕەکانی چاودێری لەگەڵ هەندێک ناوەند و رێکخراوی تازەش کە دروستبوونە چاودێری پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە هەر 15 پارێزگاکە دەکەن.

سه‌رۆكی تۆڕی شه‌مس بۆ چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئاماژەی بەوەدا، بنەمای سەرەکی چاودێریکردنی ئەوانیش وابەستەیە بەو رێکار و رێنماییانەی کە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەریکردووە، لە چوارچێوەی یاسا و رێساکان.

هۆگر چەتۆ، دەڵێت: لە هەر بنەکەیک یاسا جێبەجێکرا ئێمە لە راپۆرتێکدا بەرزی دەکەیەنەوە بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەروەها لە هەر بنکەیەکیش سەرپێچی تۆماربکرێت بە هەمان شێوە کۆمیسیۆن ئاگاداردەکەیەنەوە، بۆ پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی شەش راپۆرتمان دەبێت.

سه‌رۆكی تۆڕی شه‌مس بۆ چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، گوتی: سبەی لە هەڵبژاردنی تایبەت و لە رۆژی 18ـی ئەم مانگەش لە هەڵبژاردنی گشتی بە هیچ شێوەیەک رێگاکان ناگیرێت و هاتووچۆ ئاساییە، هاووڵاتییان دەتوانن بە ئۆتۆمبێلەکانی خۆیان تا نزیک بنکەکان بچن و دەنگی خۆیان بدەن.

گوتیشی: لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو بەهۆی نەبوونی تەکنەلۆجیای پێشکەوتووەوە زۆر گرفتمان هەبوو، زۆر جار دەنگدانی دووبارە تۆماردەکرا و نەدەزاندرا، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەم جارە سەرجەم گرفەتەکان چارەسەرکراوە.

لەبارەی رێژەی بەشداری هاووڵاتییانش لەم هەڵبژاردنە بەروارد بە هەڵبژردانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ساڵی 2013، هۆگر چەتۆ، ئاماژەی بەوەکرد، هەموو پێشبینییەکان باس لەوە دەکەن کە رێژەی بەشداریکردنی هاووڵاتییان بەروارد بە هەڵبژاردنی 2013 زۆر کەمتر دەبێت.

سه‌رۆكی تۆڕی شه‌مس بۆ چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، لەبارەی رێژەی بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە پارێزگاکان، روونیکردەوە، لە کەرکووک رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن بەرز دەبێت بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2005ـەوە هەڵبژاردن نەکراوە، هەروەها پێشبینی دەکرێت کەمترین رێژە لە بەغدا بەشداربن بەهۆی ئەوەی سەدر بایکۆتی هەڵبژاردنی کردووە و داواشی لە لایەنگرانی کردووە کە دەنگ نەدەن.

بڕیارە سبەی شەممە (16ـی کانوونی یەکەمی 2023) کاتژمێر حەوتی بەیانی تاوەکو شەشی ئێوارە، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی بەگوێرەی رێنمایی و رێکارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتاییهات.

هەروەها بڕیارە رۆژی دووشه‌مه‌ 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.