کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دڵنیایی دەدات

K24 - بەغدا

سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دڵنیایی دەدات، لەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان %100 سەرکەوتوو دەبێت و راشیگەیاند: جگە لە بوونی چاودێرانی بیانی و ناوخۆیی و لایەنە سیاسییەکان، کۆمسیۆن لە رێگەی کامێراکان چاودێری بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی تەواوی بنکە و وێستگەکان دەکات.

عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "کۆمسیۆن لە پارێزگاکاندا چوار جار ئامێرەکانی دەنگدانی بە بەرچاوی دامەزراوە فەرمییەکان و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و پسپۆرانی یارمەتیدەری هەڵبژاردن لە یۆنامی تاقیکردووەتەوە، ئەنجامەکەی دەرکەوتووە پرۆسەکە %100 سەرکەوتووە".

گوتیشی: "کۆمسیۆن چەندین پێوەری لە بارەی کارئاسانی بۆ چاودێرانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و راگەیاندکاران و بریکاری لایەنە سیاسییەکان گرتووەتەبەر، جیا لەمانەش تەواوی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان لە تەواوی پارێزگاکاندا لە رێگەی کامێراوە چاودێری دەکرێن لەپێناو پاک و بێگەردی هەڵبژاردن".