کۆنگرێسی ئەمەریکا بودجەی وەزارەتی بەرگری لە عێراق و سووریا کەمدەکاتەوە

K24 - واشنتن

کۆنگرێسی ئەمەریکا پڕۆژەبڕیاری بودجەی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی(پێنتاگۆن) بۆ ساڵی داهاتوو تێپەڕاند، کە بڕەکەی 886 ملیار دۆلارە. لە پڕۆژەبڕیارەکە بودجەی تەرخانکراو بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە سووریا و عێراق بەراورد بە بودجەی ساڵی رابردوو کەمکراوەتەوە، بەڵام بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشە مووشەکیی و درۆنییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان داوا دەکات هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە لەسەر چەکی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی مەشق و راهێنانیان پێبکرێت و ئەگەر چەکەکان لە کۆگاکانی ئەمەریکا بەردەست بوون بەو هێزانە بدرێت.

پڕۆژەبودجەی ساڵی 2024ی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا بە دەنگی 310 دەنگی بەڵێ و 118 دەنگی نەخێر لە ئەنجومەنی نوێنەران و بە 87 دەنگی بەڵێ و 13 دەنگی نەخێر لە ئەنجومەنی پیران پەسەندکرا، بۆئەوەی ببێتە پڕۆژەیاسا دەبێت، دەبێ جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا پەسەندی بکات. بودجەکە بەراورد بە بودجەی ساڵی رابردوو 28 ملیار دۆلاری زیاترە و دەسەڵاتی ئەوەی بە حکومەت داوە مووچەی سەربازەکان بە رێژەی 5.2% زیاد بکات.

بودجەی تەرخانکراو بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەڕی داعش

کۆنگرێس لەو پڕۆژەبودجەیەی ئامادەی کردووە بڕی 398 ملیۆن دۆلاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا تەرخان کردووە بەشێوەیەک بڕی 242 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە و بڕی 156 ملیۆن دۆلاریش بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات. بەڵام بەراورد بە بودجەی ساڵی رابردوو ئەو بڕە پارەیەی کۆنگرێس بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لەعێراق تەرخانی کردبوو 80 ملیۆن دۆلار و بۆ سووریاش 9 ملیۆن دۆلاری کەمترە.

دابینکردنی سیستەمی بەرگریی مووشەکی

لە پڕۆژەبودجەی وەزارەتی بەرگریی ئەمه‌ریکا بۆ ساڵی 2024، کۆنگرێس داوای کردووە هێزەکانی پێشمەرگە هاوتەریب لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق پڕچەکبکرێن و راهێنانیان پێ بکرێت، هاوکات داواش دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشە مووشەکی و درۆنیانەی دەکرێنە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان راهێنان بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگەی کوردستان بکرێت و چەکیان پێبدرێت لەوانەش چەکی بەرگریی مووشەکی دژە مووشەک، هاوەن و درۆن.

یەکێک لە بڕگەکانی پڕۆژەبودجەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات "پێش یەکی شووباتی 2024، وەزارەتی بەرگریی ئەمه‌ریکا بە راوێژ لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە، پلانی پڕچەککردن و راهێنانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە پەرەی پێبدرێت بۆ بەرگریکردن لە دژی هێرشە مووشەکییەکان، هاوەن و درۆن."

هاوکات ئاماژەوە بۆ ئەوە کراوە، هێزەکانی ئەمه‌ریکا سەرپەرشتی بەکارهێنانی چەک و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بکات، کە وەزارەیی بەرگریی بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگەی دەدات بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکان. هەروەها دەشڵێت پێویستە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەکانە راهێنانیان پێ بکرێت.

لەبارەی جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیە، لە بودجەکەدا ئەوە روونکراوەتەوە کە وەزارەتی بەرگریی ئەمه‌ریکا لەماوەی 90 رۆژدا دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکە دەکات، کە بە هاوبەشی لەلایەن وەزارەتی بەرگریی و وەزارەتی دەرەوە پەرەی پێ دەدرێت.

لە پڕۆژەبودجەکەدا باس لەوە کراوە دەکرێت وەزارەتی بەرگری بە هۆکاری پێویست جێبەجێکردنی پلانی پێدانی چەک بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە دوابخا ئەگەر بێت و پلانەکە کاریگەری لەسەر کۆگاکانی چەک لە ئەمەریکا هەبێت و چەکی پێویست لەبەردەست نەبێت

لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی پلانەکە ئەگەر هاتوو کاریگەری لەسەر کەمیی چەکەکان و بەردەست نەبوونیان هەبوو، روونکراوەتەوە کە دەبێت وەزارەتی بەرگری لەماوەی 10 رۆژدا لیژنەی ئاسایش و بەرگریی کۆنگرێس ئاگاداربکاتەوە، هاوکات دەبێت هەر 30 رۆژ جارێک لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەبارەی جێبەجێکردن یان جێبەجێنەکردنی لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە ئاگاداربکرێتەوە.

لەو برگەیەی کە تایبەتە بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بۆ دابینکردنی سیستەمی بەرگریی مووشەکی ئاماژە بۆ کراوە دەبێت وەزیری بەرگریی بەر لە یەکی شوباتی 2024 لیژنەی ئاسایش و بەرگریی کۆنگرێس لە بەرەوپێشچوونی پلانی دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە ئاگاداربکاتەوە، کە ئامانج لەو چەکە پاراستنی عێراق و هەرێمی کوردستانە لەو هەڕەشانەی بە مووشەک، هاوەن و درۆن دەکرێنە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان.

ئەمەریکا لە عێراق 2500 سەربازی هەیە کە لەسەر داواکاری حکومەتی عێراق لەوێن و ئەرکیان راوێژپێدان، مەشق و پێدانی زانیاری هەواڵگرییە بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەچوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی داعش. هاوکات لە سووریا، ئەمەریکا 900 سەربازی هەیە، کە لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەرکیان رووبەڕووبوونەوەی داعشە.

بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، لەناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمەوە زیاتر لە 90 هێرش کراوەتەوە سەر هێزەکانیان لە عێراق و سووریا بەهۆیەوە بەلایەنی کەمەوە 66 سەرباز برینداربوون و زیانێکی کەمیش بە بنکەکانیان گەیشتووە بەڵام هێرشەکان شکستیان هێناوە و سەرکەوتوو نەبوون. بەرپرسانی ئەمەریکا جەخت لەوە دەکەنەوە رووبەڕووی هەر هێرشێک دەبنەوە بکرێتە سەر هێزەکانیان.