لە بەغدا هێرشکرایە سەر بنکەیەکی دەنگدان

بنکەیەکی دەنگدان لە بەغدا
بنکەیەکی دەنگدان لە بەغدا

K24 - هەولێر

شۆفێرێکی توکتوک لە ناوچەی سەدری بەغدا هێرشی کردە سەر بنکەیەکی دەنگدان و دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا. 

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 16-12-2023، لەکاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، لە ناوچەی سەدری بەغدا، شۆفێرێکی توکتوک بە نارنجۆک "رومانە"ـەیەکی دەنگی هێرشیکردووەتە سەر بنکەی "کادحین".

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشکارەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت. 

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 16-12-2023، کاتژمێر 07:00، پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 14 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

زیاتر لە یەک ملیۆن و دوو هەزار و 393 کەس کە خۆیان لە ئاوارە، کارمەندانی کۆمیسیۆن و هێزە ئەمنییەکان دەبیننەوە، بەشداری لە هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن. کۆی ژمارەی دەنگدەرانى عێراق 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788  کەسن و، دەنگدەرانی تایبەت سەدا 6.2ـی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەکە پێکدەهێنن.

لە عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان 565 ناوەندی دەنگدان کە دوو هەزار و 367 وێستگەى دەنگدان لەخۆدەگرن؛ بۆ هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کراونەتەوە. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق؛ زۆرترین ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە بەغدان و کەمترینیشیان لە واستن.

دوای کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی تایبەت بە دەنگدان دەکوژێندرێنەوە و هەر ئامێرێک راپۆرتی تایبەتی خۆی دەردەکات. لە راپۆرتەکەدا ژمارەی ئەو کەسانەی دەنگیان داوە و ئەو کەسایەتی و لایەنانەی دەنگیان بەدەستهێناوە دەخرێتەروو؛ بەڵام لە هەر وێستگەیەکی دەنگدان جیاکردنەوەی دەنگەکان بەشێوەی دەستیش دەستپێدەکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ هەژمارکردنی ئەلیکترۆنی بەروارد بکرێت.

هەر ئەمڕۆ دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت، کارتی بایۆمەتری لەو دەنگدەرانە وەردەگیرێتەوە کە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە بۆ ئەوەی نەتوانن رۆژی 18ـی ئەم مانگە بۆ هەڵبژاردنی گشتی جارێکی دیکە کارتەکە بۆ دەنگدان بەکاربهێننەوە.