سوپای ئیسرائیل سێ بارمتەی خۆی بەهەڵە دەکوژێت

K24 - هەولێر

گوتەبێژی سەربازی ئیسرائیلی رایگەیاند، دوێنێ هەینی سوپای ئیسرائیل لە گەرەکی "ئەلشوجاعییە" سێ بارمتەی بەهەڵە کوشت، کە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە دەستگیر کرابوون.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، گوتەبێژی سەربازی ئیسرائیل لەبەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە، بارمتەکان لە کاتی شەڕکردن لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لە غەززە کوژراون، هەروەها هاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵەی بارمتەکان دەربڕی و رایگەیاند، شەفافیەتێکی تەواو لە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەدا دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، تەرمی سێ کوژراوەکە گواستراوەتەوە بۆ ئیسرائیل بۆ پشکنین، هەروەها پشتڕاستکراوەتەوە کە دەستگیرکراوی ئیسرائیلین.

جەختیشیکردەوە، دەستبەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە، دەشڵێت: ئەو ناوچەیەی کە سێ ئیسرائیلییەکەی تێدا کوژراون ماوەی چەند رۆژێکە شەڕێکی سەخت لەو ناوچەیەدا هەیە.

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، به‌هۆی هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌ ژماره‌ی كوژراوان بۆ 18 هه‌زار و 787 كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه‌، هاوكات ژماره‌ی برینداران گه‌یشتووه‌ته‌ 50 هه‌زار و 897 كه‌س.