لە کەرکووک 57 هەزار دەنگدەر لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە

K24 - کەرکووک

دەنگدانی تایبەت لە شار و شارۆچکەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکردووە، لە کەرکووک 57 هەزار دەنگدەری تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.

سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، لە سنووری پارێزگای کەرکووک 26 بنکەی دەنگدان هەیە، کە 135 وێستگە لە خۆدەگرێت و 57 هەزار دەنگدەری تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.

روونیکردەوە، ئەو دەنگدەرانی ئەمڕۆ لە کەرکووک دەنگ دەدەن تەنیا هێزە چەکدارەکان و کارمەندانی سەر وەزارەتی ناوخۆی عێراقن، چونکە هیچ ئاوارەیەک لە سنووری کەرکووک نییە.

کاتژمێر 7ی بەیانی ئەمڕۆ شەممە 16/12/2023، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد و تا کاژمێر 6ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

لە کەرکووک دوای 18 ساڵ و لە پارێزگاکانی دیکە دوای 10 ساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەدەچێت.

بە گشتی یەک ملیۆن و دوو هەزار و 393 دەنگدەر لە هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان مافی دەنگدانیان هەیە، کە 565 بنکەی دەنگدانیان بۆ کراوەتەوە و دوو هەزار و 367 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرن. هەروەها 48 هەزار و 260 ئاوارە لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت مافی بەشداریکردنیان هەیە کە 35 بنکەی هەڵبژاردنیان بۆ ئامادەکراوە و 120 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

500 رێکخراوی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی، بەشداری لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن، هەروەها زیاتر لە 420 هەزار فەرمانبەر لە هەردوو پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەشداری دەبن.