لە کۆیە پڕۆسەی دەنگدان"بە خاوی" بەڕێوەدەچێت

پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کۆیە "بە خاوی" بەڕێوەدەچێت (وێنە: هێرۆ مەولوودی - کوردستان24)
پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کۆیە "بە خاوی" بەڕێوەدەچێت (وێنە: هێرۆ مەولوودی - کوردستان24)

K24 - هەولێر

قائیمقامی کۆیە رایدەگەیەنێت، پڕۆسەی هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەو سنوورە بەهۆی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران "بە خاوی" بەڕێوەدەچێت. فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت، "ژمارەیەکی کەمی هێزەکانی پێشمەرگە دەنگیان داوە". 

ئەمڕۆ شەممە، 16-12-2023، تارق حەیدەری، قائیمقامی قەزای کۆیە بە کوردستان24ـی راگەیاند، پڕۆسەی دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەو ناوەندەی لە شارەکە هەیە، "بە خاوی بەڕێوەدەچێت، چونکە پەنجەمۆری زۆرینەی دەنگدەران نایخوێنێتەوە و ئەگەر بشیخوێنێتەوە، کاتێکی زۆری دەوێت".

لە شاری کۆیە یەک ناوەند و سێ وێستگەی دەنگدان هەن و هەزار و 370 کەس دەتوانن لەو سێ وێستگەیە دەنگ بدەن. قائیمقامی قەزای کۆیە ئەوەی خستەڕوو، "تاوەکو ئێستا 218 کەس لەم ناوەندەی دەنگدان دەنگیان داوە، واتا لە سەدا 16ـی دەنگدەران".

حەیدەری ئاماژەی بەوەش کرد، "کێشەکە لە کارتی بایۆمەتریدا نییە، کارتەکە دەخوێنێتەوە، بەڵام کێشەکە لە پەنجەمۆرەکەدا هەیە". لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، گوتی، "پەیوەندیمان بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە کردووە بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەربکرێت".

بە گوتەی قائیمقامی قەزای کۆیە، ئەگەر پڕۆسەی دەنگدان "بەم شێوەیە و بە خاوی بەڕێوەبچێت، لەوانەیە هەموو کەسێک نەتوانێت تا ئێوارە (کاتژمێر 06:00) دەنگ بدات و مافی زۆریان دەفەوتێت".

هاوکات عەمید محەممەد ئەحمەد، فەرماندەی لیوای 713ـی هێزەکانی پێشمەرگە، بە کوردستان24ـی گوت، "هەرچەندە پڕۆسەی هەڵبژاردن کاتژمێر 07:00ـی بەیانی دەستیپێکردووە، بەڵام بە ڕاستی پڕۆسەکە زۆر زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچێت. ئەو رێژەیەی لەم کاتەدا دەمانویست، بەدەست نەهاتووە".

وەکو ئەوەی عەمید محەممەد ئەحمەد باسی کرد، "دەنگدانەکە بۆ کورد لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، زۆر گرنگ و چارەنووسسازە؛ پێویستە پێشمەرگەکان و هەموو تاکێکی کورد دەنگ بدات بۆ ئەوەی بتوانین باڵانسی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان ڕاستبکەینەوە."

 

پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کۆیە
پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کۆیە "بە خاوی" بەڕێوەدەچێت (وێنە: هێرۆ مەولوودی - کوردستان24)
پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کۆیە
پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کۆیە "بە خاوی" بەڕێوەدەچێت (وێنە: هێرۆ مەولوودی - کوردستان24)
پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کۆیە
پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کۆیە "بە خاوی" بەڕێوەدەچێت (وێنە: هێرۆ مەولوودی - کوردستان24)
پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کۆیە
پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کۆیە "بە خاوی" بەڕێوەدەچێت (وێنە: هێرۆ مەولوودی - کوردستان24)
پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کۆیە
پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کۆیە "بە خاوی" بەڕێوەدەچێت (وێنە: هێرۆ مەولوودی - کوردستان24)
پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کۆیە
پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کۆیە "بە خاوی" بەڕێوەدەچێت (وێنە: هێرۆ مەولوودی - کوردستان24)
پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کۆیە
پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کۆیە "بە خاوی" بەڕێوەدەچێت (وێنە: هێرۆ مەولوودی - کوردستان24)

 

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 16-12-2023، کاتژمێر 07:00، پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 14 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

زیاتر لە یەک ملیۆن و دوو هەزار و 393 کەس کە خۆیان لە ئاوارە، کارمەندانی کۆمیسیۆن و هێزە ئەمنییەکان دەبیننەوە، بەشداری لە هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن. کۆی ژمارەی دەنگدەرانى عێراق 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788  کەسن و، دەنگدەرانی تایبەت سەدا 6.2ـی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەکە پێکدەهێنن.

لە عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان 565 ناوەندی دەنگدان کە دوو هەزار و 367 وێستگەى دەنگدان لەخۆدەگرن؛ بۆ هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کراونەتەوە. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق؛ زۆرترین ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە بەغدان و کەمترینیشیان لە واستن.

دوای کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی تایبەت بە دەنگدان دەکوژێندرێنەوە و هەر ئامێرێک راپۆرتی تایبەتی خۆی دەردەکات. لە راپۆرتەکەدا ژمارەی ئەو کەسانەی دەنگیان داوە و ئەو کەسایەتی و لایەنانەی دەنگیان بەدەستهێناوە دەخرێتەروو؛ بەڵام لە هەر وێستگەیەکی دەنگدان جیاکردنەوەی دەنگەکان بەشێوەی دەستیش دەستپێدەکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ هەژمارکردنی ئەلیکترۆنی بەروارد بکرێت.

هەر ئەمڕۆ دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت، کارتی بایۆمەتری لەو دەنگدەرانە وەردەگیرێتەوە کە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە بۆ ئەوەی نەتوانن رۆژی 18ـی ئەم مانگە بۆ هەڵبژاردنی گشتی جارێکی دیکە کارتەکە بۆ دەنگدان بەکاربهێننەوە.