ناوی زیاتر لە چوار هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ حەج رادەگەیەندرێت

تیروپشک بۆ ناوی حاجیان دەکرێت

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ شەممە 16/12/2023، تیروپشک بۆ ناوی حاجیانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ناوی زیاتر چوار هەزار حاجی بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ رادەگەیەندرێت.

شێخ نیاز نه‌قشبه‌ندی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، ئەمساڵ بەناوی ناوی یەدەگەکانیشەوە کە ساڵانی پێشتر داواکارییان پێشکەشکردبوو، 121 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ حەج داواکارییان پێشکەش کردووە، لەو ژمارەیە ناوی زیاتر لە چوار هەزار کەس دەردەچێت بۆ ئەوەی ئەمساڵ فەریزەی حەج جێبەجێ بکەن.

گوتیشی: "ئەو کەسانەی ئەمساڵ ناویان دەردەچێت تەنیا بۆ یەک ساڵە و وەک یەدەگ نامێننەوە بۆ ساڵی داهاتوو، چونکە  لە ساڵی داهاتوو پێشکەشکردنی ناوی حاجیان بۆ ساڵی داهاتوو دەبێتە ئۆنلاین".

ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەی ئەو کەسانەی داواکارییان پێشکەش کردووە، بەراورد بەو ژمارەیەی وەک پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە زۆرە، بەڵام بەشێوەیەک شەفاف بە تیروپشک ناوەکان رادەکێشرێن".

لە رێوڕەسمێکدا بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، لەسەر شاشە ناوی ئەو کەسانەی ئاشکرا کرد، کە لە تیروپشک بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ ناویان دەرچووە.

بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ چوار هەزار 685 کەس لە هەرێمی کوردستان ناویان دەگەڕێتەوە، کە ئەم ژمارەیە وەک پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە.

جگە لەو کەسانەی ئەمساڵ داواکارییان پێشکەشکردووە، پێشتر ژمارەیەکی دیکە لە ساڵانی پێشتر ناوی خۆیان تۆمار کردبوو، کە بەهۆی کۆرۆناوە لە ساڵی 2019 نەیانتوانی حەج بکەن، ئێستا کۆی گشتی پێشکەشکارانی پرۆسەی حەج لە هەرێمی کوردستان 121 هەزار کەسە.

نوێدەکرێتەوە..