لە بنکەیەکی دەنگدانی کەمپی 'حەسەن شام دوو' هیچ کەسێک دەنگی نەداوە

هیچ کەسێک نەیتوانیوە لە بنکەی "نوور"ـی کەمپی حەسەن شام دوو دەنگ بدات (وێنە: رێناس عەلی - کوردستان24)
هیچ کەسێک نەیتوانیوە لە بنکەی "نوور"ـی کەمپی حەسەن شام دوو دەنگ بدات (وێنە: رێناس عەلی - کوردستان24)

K24 - هەولێر

لە بنکەیەکی دەنگدانی کەمپی "حەسەن شام دوو" لە سنووری هەولێر، تا ئێستا هیچ دەنگدەرێک نەیتوانیوە دەنگ بدات و بنکەکە بەرووی دەنگدەراندا داخراوە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 16-12-2023، رێناس عەلی، پەیامنێری کوردستان24، کە بۆ رووماڵکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق چووەتە کەمپی "حەسەن شام دوو" لە سنووری هەولێر؛ رایگەیاند، لە بنکەی "نوور"ـی دەنگدانی ئەو کەمپە، کێشە لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی تایبەت بە دەنگدان دروستبووە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ دەنگدەرێک نەیتوانیوە دەنگ بدات.

کەمپی حەسەن شام دوو دکەوێتە سنووری پارێزگای هەولێر و لە ساڵی 2016 بۆ ئاوارەکانی شەڕی مووسڵ دروستکراوە.

دکتۆر ئەیسەر یاسین، بەڕێوەبەری بنکەی نوور بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بنکەکەمان کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ کردووەتەوە، بەڵام کارتی بایۆمەتری دەنگدەران لەلایەن ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە نەدەخوێندرانەوە، ئامێرەکانیشمان گۆڕین، بەڵام کێشەکە هەر چارەسەر نەبوو، بۆیە تا ئێستا کەس نەیتوانیوە دەنگ بدات".

دکتۆر ئەیسەر یاسین ئەوەشی خستەڕوو: "پەیوەندیمان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا کرد، ئەوانیش پەیوەندییان بەو کۆمپانیایەوە کردووە کە ئامێرەکانی دروستکردووە و ئێستا هەوڵی چارەسەرکردنی كێشەکە دەکرێت".

485 کەس مافی دەنگیان لەو بنکەیەی دەنگدان هەیە. بەرپرسانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دەنگدەرانیان راگەیاندووە ئەو بنکەیەی دەنگدان تا کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ دادەخرێت، تاوەکو کێشەکە چارەسەر دەکرێت. 

بەڕێوەبەری بنکەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "پێشبینی دەکەین تا کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ کێشەکە چارەسەربکرێت، ئەگەر تا ئەو کاتە چارەسەر بوو، هەموو دەنگدەرانی ئەم بنکەیە لەماوەی شەش کاتژمێردا دەتوانن دەنگ بدەن".

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 16-12-2023، کاتژمێر 07:00، پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 14 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

زیاتر لە یەک ملیۆن و دوو هەزار و 393 کەس کە خۆیان لە ئاوارە، کارمەندانی کۆمیسیۆن و هێزە ئەمنییەکان دەبیننەوە، بەشداری لە هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن. کۆی ژمارەی دەنگدەرانى عێراق 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788  کەسن و، دەنگدەرانی تایبەت سەدا 6.2ـی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەکە پێکدەهێنن.

لە عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان 565 ناوەندی دەنگدان کە دوو هەزار و 367 وێستگەى دەنگدان لەخۆدەگرن؛ بۆ هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کراونەتەوە. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق؛ زۆرترین ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە بەغدان و کەمترینیشیان لە واستن.

دوای کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی تایبەت بە دەنگدان دەکوژێندرێنەوە و هەر ئامێرێک راپۆرتی تایبەتی خۆی دەردەکات. لە راپۆرتەکەدا ژمارەی ئەو کەسانەی دەنگیان داوە و ئەو کەسایەتی و لایەنانەی دەنگیان بەدەستهێناوە دەخرێتەروو؛ بەڵام لە هەر وێستگەیەکی دەنگدان جیاکردنەوەی دەنگەکان بەشێوەی دەستیش دەستپێدەکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ هەژمارکردنی ئەلیکترۆنی بەروارد بکرێت.

هەر ئەمڕۆ دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت، کارتی بایۆمەتری لەو دەنگدەرانە وەردەگیرێتەوە کە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە بۆ ئەوەی نەتوانن رۆژی 18ـی ئەم مانگە بۆ هەڵبژاردنی گشتی جارێکی دیکە کارتەکە بۆ دەنگدان بەکاربهێننەوە. 

هیچ کەسێک نەیتوانیوە لە بنکەی