ئەمەریکا فەرمانی بەکەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکان کرد لە نزیک ئیسرائیل بمێننەوە

کەشتی فڕۆکە هەڵگری (یو ئێس ئێس جیراڵد ئار فۆرد)
کەشتی فڕۆکە هەڵگری (یو ئێس ئێس جیراڵد ئار فۆرد)

K24 - هەولێر

وەزیری بەرگری ئەمەریکا، لوید ئۆستن، فەرمانی بە کەشتی فڕۆکە هەڵگری "یو ئێس ئێس جیراڵد ئار فۆرد" و کەشتییەکی دیکەی جەنگی کرد بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە دەریای ناوەڕاست لەنزیک ئیسرائیلدا بمێننەوە.

ئەمە سێیەم جارە جێگیرکردنی کەشتی فڕۆکە هەڵگری فۆرد درێژ دەکرێتەوە، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر نیگەرانییە بەردەوامەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە ناسەقامگیری ناوچەکە لە کاتی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.

چەند بەرپرسێکی ئەمەریکی بەبێ ئەوەی ناویان ئاشکرابکەن، مانەوەی ئەو کەشتیانەیان پشتڕاستکردەوە، کە لەم هەفتەیەدا لەلایەن وەزیری بەرگری ئەمەریکا پەسەندکرا.

پێنتاگۆن لە دوای هێرشەکانی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر، ئامادەیی سەربازی خۆی لە ناوچەکە چڕتر کردەوە، بۆ ئەوەی ئێران رابگرێت لە فراوانکردنی شەڕەکە.

لەلایەکی دیکەوە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە دەریای سوور رێگرییان لەو مووشەکانە کرد، کە لەلایەن حوسییەکانەوە بەرەو ئیسرائیل هەڵدرابوون، هەروەها هێزەکانی ئەمەریکا فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هێرشبەرەکانیشیان خستووەتە خوارەوە کە بەرەو کەشتیەکان هەڵدراون.

تا رۆژی هەینی 19 کەشتی جەنگی ئەمەریکی لە ناوچەکەدا هەن، کە حەفت کەشتی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و 12 کەشتی دیکەش بە درێژایی باشووری دەریای سوور جێگیرکراون.