عەبدولخالق تەڵعەت: هەماهەنگییەکی باش لەنێوان پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیسی هەرێمی کوردستان هەیە

K24 – هەولێر

نوێنەری هەرێمی كوردستان لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان رایگەیاند: لە رووی ئەمنییەوە هەماهەنگییەکی زۆر باش لەنێوان پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە.

ئەمڕۆ شەممە، 16ـی کانوونی یەکەمی2023، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق گوتی: "ئەمڕۆ لە کاتژمێر شەشی بەیانیەوە بە بەشداری هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەرکی پاراستنی بنکەکانی دەنگدان دەستیپێکردووە، لەو ناوچانەی کە پەیوەستن بە دەنگدەرە ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان، لە سلێمانی، هەولێر و دهۆک کە نزیکەی 58 هەزار ئاوارە لەو سێ پارێزگایانە هەن، 37 بنکە لە دهۆک و 27 بنکە لە سلێمانی و 19 بنکەی دەنگدانیش لە پارێزگای هەولێر هەن".

راشیگەیاند: "ئەو بنکانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەن، بۆ دەنگدەرە تایبەتەکانن ئەوانیش هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان، بەتایبەت ئەو هێزە ئەمنییانەی کە سەر بە عێراقن و لە ناوچە کوردستانییەکانن و هەماهەنگییەکی زۆر باش لەنێوان پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە".

هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا عەمید د. زیاد قەیسی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی عێراق رایگەیاند: "بەپێی فەرمانی وەزیری ناوخۆی عێراق هەروەها بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆ، پۆلیسی هاتووچۆ پلانی خۆی دانا بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکان رێکبخەین لە رۆژانی دەنگداندا، پلانەکانمان گشتگیر بوون، ئێمە دووپاتمان کردەوە کارمەندی زیاتر بخەینە خزمەتی پرۆسەی دەنگدانەوە، بۆ ئەوەی ئاسانکاری بکرێت لە پڕۆسەی هاتووچۆ بۆ ئەو کەسانەی کە دەڕۆن دەنگدەدەن".

راشیگەیاند: "تا ئێستا هیچ پلانێکمان نییە، ناوچەی دابڕێنراو دروست بکەین یاخود ناوچەیەک دابڕێنین کە چوونە ناوی قەدەغەبێت، بەڵکو ئەوەی هەیە قەدەغە کردنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرە لەگەڵ ماتۆڕسکیل، ئەویش لە دەنگدانی گشتی لە کاتژمێر یەکی شەوی 18/12/2023، تاکو شەشی ئێوارە هاتووچۆ قەدەغەیە، ئەمەش لەژێر فەرمانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆ، پلانی خۆمان تەواو کردووە، هەماهەنگیشمان هەیە لەگەڵ پۆلیسی فیدراڵی".