پارێزگاری هەولێر: نزیکەی 15 ملیار دینار بۆ گەرەکی هەشتی حەسارۆک خەرج دەکرێت
K24 - هەولێر
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆی ئەودۆخەی کە حکومەت تێیدایە، نەتوانراوە وەکو پێویست کار لەزەوییەکانی هەشتی حەسارۆک بکرێت، هەرچەندە نیوەی زیاتری بودجەی پەرەپێدان لەو گەڕەکە خەرج دەکرێت کە 15 ملیار دینارە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، داواکاریی خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک رەوایە، بەڵام لەگەڵ ئەو دۆخە قەیراناوییەی کە حکومەت تێیدایە، هەروەها گرفتی بودجەمان هەیە، مافەکانی ئێمە لە بەغدا زەوتکراوە، بۆیە نەتوانراوە وەکو پێویست کار لەزەوییەکانی هەشتی حەسارۆک بکرێت، بەڵام لە بۆ پلانی ساڵی داهاتوو، ئەگەر رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێبکرێت و بودجە دابین بکرێت، بەشێکی دیکە لەو خزمەتگوزارییانە لێرە بەردەوامیان دەبێت.
گوتیشی: گوژمەی بەشێک لەو خزمەتگوزارییانەی جێبەجێکراوە لەگەڵ ئەوەی ئێستا ئەنجام دەدرێت نزیکەی 15 ملیار دینارە، ئاماژەی بەوەشکرد، لەساڵی 2021 کە پڕۆژەکانی پەرەپێدان دەستی پێکرد، لە حاجی ئۆمەران هەتا مەخموور 28 ملیارمان هەبوو، تەنها لە زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک نزیکەی 15 ملیار دینار کاری تێدا دەکرێت.
پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند، پیشتر کە سەرۆکوەزیران سەردانی ئەوشوێنەی کرد موژدەی بەخەڵک داوە نەک بەڵێن، چونکە دەنگۆی ئەوە هەبوو کە ئەو زەویانە لە خەڵک دەسێنرێتەوە و لەلایەکی دیکەوە قەرەبوو دەکرێنەوە، بۆیە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەو شوێنەی کرد و گوتی: خاوەنی راستەقینەی ئەو زەوییانە ئێوەن، هەر ئەورۆژیش گوتی، رێگە پێدان کراوەتەوە و دەتوانن مامەڵەکانیان دەست پێبکەن.
دوای ئەوەش سەرۆکی حکومەت رایگەیاند: بەپێی توانای بەردەستی حکومەت ئەو پڕۆژانەی کە پێویستن بۆ ئەو زەوییانە دابین بکرێت، بەمەش نیوەی زیاتری بودجەی پەرەپێدان لەو گەڕەکە خەرج دەکرێت، کە 15 ملیار دینارە.